حکوومەتی عێراق باجی گومرگی سەر سیستەمی وزەی خۆری هەڵگرت

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران، بیست و چوارەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد، تێیدا دۆخی گشتیی وڵات تاوتوێ کرا و چەندین بڕیار و رێنمایی یەکلاکەرەوە لەبارەی دۆسیە هەستیارەکانەوە دران، لە دیارترین بڕیارەکانیشدا، سەرۆکوەزیران داوای لە وەزیرە نوێیەکان کرد سوێندی شەرەف بخۆن.

 سوێندخواردنی وەزیرەکان و پابەندبوون بە دەستوور

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران داوای لە جێگرانی سەرۆکوەزیران و ئەو وەزیرانە کرد کە پەرلەمانی عێراق متمانەی پێداون، سوێندی شەرەف بخۆن. زەیدی جەختیکردەوە کە پێویستە وەزیرەکان بە تەواوی پابەند بن بە دەستوور و یاسا، پاراستنی سامانی گشتی و بەکارنەهێنانی پۆست بۆ بەرژەوەندیی تایبەت، هەروەها داوای لێکردن دەستبەرداری مەیلی حزبی، نەتەوەیی، تائیفی و عەشیرەتی بن و تەنیا خزمەتی هاووڵاتییان و بەرژەوەندیی باڵای وڵات بکەن.

 ئاسایشی خۆراک و ئاسانکاری بۆ وزەی پاک
لە پێناو پاراستنی ئاسایشی خۆراکی وڵات، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا دەسەڵاتی کردنەوەی دەرگای هاوردەکردنی سەرجەم بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بداتە وەزارەتی کشتوکاڵ تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەمی 2026.

هاوکات، بۆ هاندانی هاووڵاتییان لەسەر بەکارهێنانی وزەی پاک و پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت، حکوومەت رەزامەندیی دەربڕی لەسەر هەڵگرتنی باجی گومرگ لەسەر ئەو سیستەمە وزانەی خۆر کە بۆ عێراق هاوردە دەکرێن. لە هەمان کەرتیشدا، وەزارەتی کارەبا رێگەی پێدرا گرێبەستێک بۆ دابینکردنی کارەبا بە توانای (600 بۆ 1000) مێگاوات لە ناوچەی باکوور واژۆ بکات.

 کەرتی تەندروستی
لە پێناو خێراکردنی دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بارەکانی دەرمان، پێداویستییە پزیشکییەکان و ڤاکسینەکان دەستبەجێ لە دەروازە سنوورییەکان بەرێ بکرێن، بڕیاریش درا وەرگرتنی رسووماتی گومرگی دوابخرێت، بە مەرجی پێشکەشکردنی بەڵێننامەیەکی فەرمی بۆ دانەوەی لە کاتی خۆیدا، لەگەڵ ئەوەشدا لە زەوی و سزا بێبەش کران تاوەکو پەسەندکردنی یاسای بودجەی فیدراڵیی داهاتوو.

هەروەها، بۆ رێکخستنی دۆخی کادیرە پزیشکییەکان، ئەنجوومەنەکە پرۆژەیاسای چوارەمی هەموارکردنی یاسای تدرجی پزیشکی و تەندروستی ژمارە 6ـی ساڵی 2000ـی پەسەند کرد و رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرد.

 گواستنەوە، نەوت و ئاو
گواستنەوەی دەریایی: پرۆژەیاسای پەسەندکردنی رێککەوتنی گواستنەوەی دەریایی نێوان عێراق و قەتەر پەسەند کرا و بۆ پەرلەمان نێردرا.

کێڵگە نەوتییەکان: رێگە بە کۆمپانیای نەوتی بەسرە درا ئاوەکانی تەکوینی بۆ مەبەستی شوشتن لە وێستگەی چارەسەری ناوەندیدا بەکاربهێنێت، لە پاڵ بەکارهێنانی کەمپی پشتیوانیی کارەکانی پرۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەی توبە (پرۆژەی بەسرەی باشوور) تا سەرچاوەیەکی دیکەی ئاو دەستەبەر دەبێت.

بەهێزکردنی ئاسایشی ئاو: دەسەڵات درا بە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان کە راستەوخۆ داواکاری ئاراستەی کۆمپانیا جیهانییە رەسەنەکان بکات بۆ دیزاین و جێبەجێکردنی قۆناخی دووەمی پرۆژەی دروستکردنی بەنداوی قاتا لە شەتولعەرەب (لە مەعقەل و کەرەمەی عەلی لە پارێزگای بەسرە).