پاراستنی کارگەی خزمانی ماکرۆن تووڕەیی پۆلیسی لێکەوتەوە
رۆژنامەی لوفیگارۆ بڵاویکردەوە، پاراستنی کارگەیەکی چوکلێتی سەر بە بنەماڵەی بریجیت ماکرۆن، خانمی یەکەمی فەرەنسا لە ئەمیان لەکاتی پشێوییەکاندا، کاردانەوە و رەخنەی توندی رای گشتیی لێکەوتووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەیە، 17ـی تشرینی یەکەم لە کاتێکدا خۆپیشاندانەکان گەیشتنە لووتکە و پشێوی و تاڵانکاری رووی دا، شەش ئۆتۆمبێلی پۆلیسی فەرەنسا بۆ پاراستنی ئەو کارگەیە جێگیر کران.
سەنتیکای ئەلیانس پۆلیس ناسیۆناڵ رەخنەی لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گرت. سەنتیکاکە رایگەیاند، لە کاتێکدا فرۆشگاکان تاڵان دەکرێن و پۆلیس بریندار دەبێت و هەمووان بەدەست کەمیی هێزەوە دەناڵێنن، نیوەی سەریەیەک لە بەردەم کارگەی چوکلێتی بنەماڵەی ترۆنیۆ جێگیر کراون.
سەنتیکاکە لە بەیاننامەیەکدا جەختیکردەوە، پێویستە پرسیار لە سەرۆکی فەرەنسا بکرێت سەبارەت بەوەی ئایا هەموو هاووڵاتییانی فەرەنسا مافی ئەوەیان هەیە هەمان پارێزگارییان بۆ بکرێت.
نیکۆلا دوبۆن-ئینیان، سەرۆکی پارتی قەومی فەرەنسا و بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2027ـی فەرەنسا، پشتیوانیی خۆی بۆ ناڕەزایەتییەکانی رای گشتی دەربڕی. دوبۆن-ئینیان جەختیکردەوە، خاوەن فرۆشگاکانی دیکەی فەرەنسا بە تەنیا لە بەرامبەر تاڵانکاراندا بەجێهێڵراون.
رادیۆی ئار ئێم سی بڵاویکردەوە، ژمارەیەک لە خاوەنکارانی ورد و مامناوەند لە فەرەنسا چەکیان هەڵگرتووە. ئەو خاوەنکارانە بەهۆی بێتوانایی دەسەڵاتداران لە کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، پلانیان داناوە بە تەنیا بەرگری لە دامەزراوەکانیان بکەن.