کارەکانی نەخۆشخانەی شێرپەنجەی هەولێر دەگەنە قۆناخی کۆتایی
ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند؛ نەخۆشخانەی شێرپەنجەی 150 قەرەوێڵەیی لە هەولێر گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی جێبەجێکردن و 7%ـی کارەکانی تەواو بوون. پڕۆژەکە بە ستراتیجی دادەنرێت و مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەکەی داناوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی پارێزگاری هەولێر، کارەکان لە پڕۆژەکەدا بە خێرایی بەڕێوەدەچن. دیزاینی نەخۆشخانەکە بە جۆرێک کراوە کە توانای پێشوازیکردنی رۆژانەی 1000 نەخۆشی لە بەشی راوێژکاریدا هەبێت.
پڕۆژەکە گشت پشکنین و جۆرەکانی چارەسەری کیمیایی، تیشکی ناوەکی و لیناک دابین دەکات. پێکهاتەی نەخۆشخانەکە چەند بەشێکی سەرەکی لەخۆ دەگرێت، لەوانە: سەنتەری تیشک (لیناک)، بەشی چارەسەری کیمیایی، هۆڵەکانی نەشتەرگەری و خەواندن، لەگەڵ بەشی فریاکەوتنی پێشکەوتوو.
هەروا بە کردنەوەی ئەو نەخۆشخانەیە، کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان پێشکەوتنی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت. بەمەش پێویستیی نەخۆشان بۆ گەشتکردن بۆ دەرەوەی هەرێم بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر کەم دەبێتەوە.