باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا هەواڵی جێگیرکردنی درۆن لە هەرێمی کوردستان رەت دەکاتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا لە عێراق وەڵامی هەواڵێکی دایەوە کە دوێنێ سێشەممە، لەلایەن ئاژانسی تەسنیمی ئێرانەوە بڵاوکرانەوە. ئەو ئاژانسە بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئەمنیی نەناسراو، بانگەشەی ئەوەی کردبوو، ئۆکرانیا یەکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە هەرێمی کوردستان جێگیر کردووە.

باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا راگەیەندراوێکی لەوبارەوە بڵاوکردەوە و جەختیکردەوە، ئەو بانگەشانە سەرلەبەر بێ بنەمان و جۆرێکە لە چەواشەکاریی بەمەبەست. ئۆکرانیا هیچ جۆرە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان، یەکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان کارمەندێکی پەیوەندیدار بەو بوارەوە نە لە هەرێمی کوردستان و نە لە هیچ شوێنێکی دیکەی عێراق جێگیر نەکردووە.

باڵیۆزخانەکە روونیکردەوە، ئۆکرانیا رێزێکی تەواو لە سەروەریی عێراق و یەکپارچەییی خاکەکەی دەگرێت. هاوکات ئۆکرانیا شانازی بە پەیوەندییە دۆستانەکانی لەگەڵ حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.

هەروەها باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد ورد بن و خۆیان لە بڵاوکردنەوەی ئەو بانگەشە پشتڕاستنەکراوانە بەدوور بگرن.