شەپۆڵێکی سەرما و باران بارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشوهەوا، ئەمڕۆ چوارشەممە ئاسمانی هەرێمی کوردستان هەوری تەواو دەبێت و لە ئێوارە و درەنگانی شەودا لە چەند ناوچەیەک هەورەبروسکە و باران بارین دەستپێدەکات و پلەکانی گەرماش بە ڕێژەی 1 بۆ 2 پلە نزم دەبنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ی تشرینی یەکەمی 2026، ئاسمان لە زۆربەی کاتەکاندا هەوری تەواو دەبێت، لە ئێوارەوە ئەگەری هەورەبروسکە و باران بارینی کەم لە کات و شوێنی جیادا دەبێت. لە درەنگانی شەودا رێژەی دابارین زیاد دەکات، بەتایبەت لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، لەگەڵ باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆک، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، راپەرین و بەشێک لە سنووری ئیدارەی گەرمیان. خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند (10 تا 20) کم/لە کاتژمێرێکدا دەبێت و مەودای بینینیش لەنێوان (8 تا 10) کم دەبێت.
کەشناسی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات سبەی پێنجشەممە، ئاسمان هەوری تەواو بێت، لە کاتەکانی بەیانیشدا کاریگەریی باران بارین و هەورەتریشقە تا کاتەکانی نیوەڕۆ لەسەر ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ناوچە شاخاوییەکان، بەشێک لە پارێزگای هەولێر، ئیدارەی راپەرین، بەشێک لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان بەردەوامی دەبێت. لە دوای نیوەڕۆوە ئاسمان لەنێوان پەڵەهەور و نیمچەهەوردا دەبێت و پلەکانی گەرماش نزیک دەبنەوە بەراورد بە تۆمارەکانی ئەمڕۆ.