ئێران: بە داخستنی دەروازەی شەیب لەلایەن عێراقەوە شۆک بووین

 وەزارەتی ناوخۆی ئێران نیگەرانیی خۆی لەبارەی بڕیاری داخستنی دەروازەی سنووریی شەیب لەگەڵ عێراق دەربڕی و جەختیکردەوە، تاران هیچ ئاگادارییەکی پێشوەختەی لەو بڕیارە بەدەست نەگەیشتووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێران بە داخستنی دەروازەکە شۆک بووە، روونیکردەوە، رێککەوتنێک لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە کە بەپێی ئەو رێککەوتنە، دەبێت لە ئەگەری بڕیاری داخستنی هەر دەروازەیەکی سنووری بۆ ماوەی زیاتر لە رۆژێک، لایەنەکەی دیکە لانیکەم یەک رۆژ پێشوەختە ئاگادار بکرێتەوە.

گوتەبێژەکە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، بە پێچەوانەی ناوەڕۆکی ئەو رێککەوتنە، عێراق پێشوەختە لایەنی ئێرانی لە بڕیاری داخستنی دەروازەکە ئاگادار نەکردووەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەنجوومەنی پارێزگای میسان رایگەیاند، حکوومەتی فیدراڵی دەروازەی سنووریی شەیبی لەگەڵ ئێران تا کاتێکی نادیار دواخست.

سەرچاوەکە راگەیاند، رێنماییە حکوومییەکان لە بەغداوە گەیشتوون بۆ داخستنی ئەو دەروازەیەی دەکەوێتە رۆژهەڵاتی میسان، کە کاتژمێر 06:00ـی ئەمڕۆ چوارشەممە دەستیپێکردووە و تا کاتێکی نادیار بەردەوام بێت.

سەرچاوەکە روونیکردەوە، داخستنەکە بەهۆی کاروباری هونەرییەوەیە، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر لەبارەی هۆکارەکان یان ماوەی داخستنەکە ئاشکرا بکات.

عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق 12ـی ئەیلوولی رابردوو رێنمایی دەرکردبوو بۆ داخستنی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران، لە نێویاندا دەروازەی شەیب. ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات کە سەلمێنرا تاران لە هێرشی درۆن تێوەگلاوە کە بۆرییەکی نەوتی لە رۆژهەڵاتی سعوودیە کردە ئامانج و لە خاکی عێراقەوە ئەنجامدرابوون.