هۆکاری داخستنی دەروازە سنوورییەکانی عێراق و ئێران ئاشکرابوو

ئاڵای ئێران و عێراق
ئاڵای ئێران و عێراق

بەرپرسێکی عێراقی ئاشکرای دەکات، بە فشاری ئەمریکا، عێراق دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێران دادەخات و تەنیا دوو دەروازە بە کراوەیی دەمێننەوە، ئەمڕۆش دەروازەی شیب لە میسان داخرا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، عێراق دەروازەی سنووریی "شەیب"ـی لەگەڵ ئێران لە پارێزگای میسان داخست. بەپێی میدیاکانی ئێران بڕیارەکە لە نووسینگەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دەرچووە.

سەرچاوەیەک لە دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا (فرانس پرێس)ـی راگەیاندووە، ئەمڕۆ دەروازەی "شەیب" لە پارێزگای میسان، لە دیوی ئێران بە دەروازەی چەزابە دەناسرێت، تاوەکو کاتێکی نادیار داخراوە و هۆکارەکانیش دیار نین.

فرانس پرێس لە چەند سەرچاوەیەکی سیاسیی عێراقییەوە گواستوویەتیەوە، ئەمریکا فشارەکانی بۆ سەر بەغدا زیاد کردووە بۆ ئەوەی هەموو دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێران دابخات. مەبەست لەم هەنگاوە توندکردنی گەمارۆکانی سەر تارانە. هەروەها ئاشکرایان کردووە، ئەو داواکارییە لە کۆبوونەوەی مانگی رابردووی ئەمریکییەکان لەگەڵ عەلی زەیدی لە نیویۆرک خراوەتەروو.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هەموو دەروازە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێران دادەخرێن و تەنیا دوو دەروازە کراوە دەبن، یەکێکیان لە نێوان عێراق و ئێرانە و ئەوەی دیکەیان لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دەبێت.

بەپێی زانیارییەکان ئەمریکا ئەم داوایەی تەنیا لە عێراق نەکردووە، بەڵکو لە هەموو وڵاتانی دراوسێی ئێرانیش کردووە.