بانکی ناوەندیی عێراق ئاماری یەدەگی دراوی بیانی بڵاوکردەوە

 ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، یەدەگی دراوی بیانی لە کۆتایی مانگی ئابی 2026دا گەیشتووەتە 81.538 ملیار دۆلار (کە یەکسانە بە 105.999 تریلیۆن دینار)، بەمەش بەراورد بەکۆتایی مانگی تەممووز کە 80.633 ملیار دۆلار (104.823 تریلیۆن دینار) بووە، بەرزبووەتەوە.

بەپێی ئەو داتایانەی بانکی ناوەندیی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، یەدەگی دراوی بیانی تەنیا لە ماوەی مانگی ئابدا بڕی 905 ملیۆن دۆلار (یەکسان بە 1.176 تریلیۆن دینار) زیادی کردووە.

سەرەڕای ئەم بەرزبوونەوە مانگانەیە، بەڵام یەدەگەکە هێشتا لەو ئاستە کەمتر ماوەتەوە کە لە کۆتایی ساڵی 2025دا تۆمار کرابوو؛ کاتێک قەبارەکەی گەیشتبووە 97.432 ملیار دۆلار (126.661 تریلیۆن دینار). بەم پێیەش، لە ماوەی هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، کۆی یەدەگەکە بە بڕی 15.894 ملیار دۆلار (یان 20.662 تریلیۆن دینار) دابەزیووە.

لەسەر ئاستی جووڵەی مانگانەی یەدەگەکە لەم ساڵدا (2026)، قەبارەکەی لە کۆتایی کانوونی دووەمدا 101.082 ملیار دۆلار بوو، پاشان بە بەردەوامی دابەزی بۆ:

ئادار: 100.341 ملیار دۆلار
نیسان: 97.809 ملیار دۆلار
ئایار: 93.673 ملیار دۆلار
حوزەیران: 86.175 ملیار دۆلار
تەممووز: 80.633 ملیار دۆلار بەر لەوەی لە مانگی ئابدا جارێکی دیکە ئاراستەکەی پێچەوانە ببێتەوە و روو لە بەرزبوونەوە بکات.

سەبارەت بە پێکهاتەکانی یەدەگی دراوی بیانیش، داتاکان دەریدەخەن لە کۆتایی ئابدا.

بەهای زێڕ بەرز بووەتەوە بۆ 32.655 تریلیۆن دینار، بەراورد بە 29.665 تریلیۆن دینار لە کۆتایی تەممووزدا.
وەبەرهێنانەکان دابەزیون بۆ 72.926 تریلیۆن دینار، بەرامبەر بە 75.034 تریلیۆن دینار لە مانگی پێشووتردا.