پۆستی جێگری پارێزگاری کەرکووک بۆ تورکمان دیاری دەکرێت
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ بەرەی تورکمانی و کوتلەی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ ئەوەی پۆستی جێگری دووەمی پارێزگار بدەن بە نەتەوەی تورکمان. ئامانج لەم رێککەوتنە ئەوەیە کە کەسێکی تورکمان پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت وەربگرێت.
لە چوارچێوەی ئەم پێشنیارەدا، ئەحمەد رەمزی، ئەندامی کوتلەی تورکمانی بۆ پۆستی جێگری دووەمی پارێزگار بەربژێر کراوە. ئەحمەد رەمزی دوای دەستبەکاربوونی، دەسەڵاتەکانی پارێزگاری کەرکووک وەردەگرێت و بۆ ماوەی مانگێک و چەند رۆژێک ئیدارەی پارێزگاکە دەکات.
هۆکاری ئەم پێشنیارە بۆ لێدوانێکی رێبوار تەها، جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکوک دەگەڕێتەوە. رێبوار تەها لەکاتی کردنەوەی قوتابخانەی شێخ ستار لە کەرکووک رایگەیاندبوو: "من ئێستا پارێزگاری کەرکووکم بە وەکالەت".
ئەم لێدوانە ناڕەزایەتی بەرپرسانی بەرەی تورکمانی لێکەوتەوە و گلەیییان لە بەرپرسانی باڵای یەکێتی کرد. دوای ئەم رووداوە، محەمەد سەمعان بەپەلە سەردانی بینای پارێزگای کرد و بەرەی تورکمانی بە روونی جەختیان کردەوە رێگە نادەن رێبوار تەها جارێکی دیکە دەسەڵاتەکانی پارێزگاری کەرکووک بەکاربهێنێت.
کەرکووک ئێستا بەهۆی نەبوونی پارێزگار و قەدەخەکردنی بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی پارێزگار لەلایەن رێبوار تەهاوە، لە بۆشاییەکی ئیداریدا دەژی.
لایەنەکان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان رێککەوتوون. بەپێی ئەم رێککەوتنە، کوتلەی عەرەبی رازی بووە پۆستی جێگری دووەمی پارێزگار بدرێت بە تورکمان، چونکە بڕیارە دوای سەری ساڵ پۆستی پارێزگاری کەرکوک بدرێت بە عەرەب، جێگری دووەم بۆ تورکمان و جێگری یەکەمیش بۆ یەکێتی بێت.
هەروەها بڕیار وایە لەکاتی ئاڵوگۆڕی پۆستەکاندا، پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش بدرێت بە یەکێتی.