ویتکۆف دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ زێلێنسکی گەیشتە رووسیا

ویتکۆف گەیشتە رووسیا
ویتکۆف گەیشتە رووسیا

نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا، گەیشتە رووسیا بۆ خستنەڕووی پێشنیازەکانی راگرتنی جەنگ. لە هەمان کاتدا ئامادەکاری بۆ لوتکەیەکی سێقۆڵی دەکرێت بەبێ بەشداریی ئۆکرانیا.

ستێڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2026،گەیشتە شاری سانت پیتەرزبورگی رووسیا.

 مەبەستی سەردانەکە گفتوگۆکردنە لەگەڵ بەرپرسانی رووسی لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا، پاش ئەوەی رۆژی پێشتر لەگەڵ ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، کۆبووەوە.

مارکۆ رووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی سێشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2026 گوتبووی، کۆبوونەوەی ویتکۆف لەگەڵ ڤلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ئەرێنی بووە و نێردەی ئەمریکا لەو دانیشتنەدا بیرۆکە و پێشنیازەکانی لایەنی رووسی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە خستووەتەروو.

سەردانەکە لە کاتێکدایە ئەمریکا کۆشش دەکات رێگەیەک بۆ راگرتنی جەنگەکە بدۆزێتەوە. لە دانیشتنەکەی ویتکۆف و زێلێنسکیدا، پرسەکانی پەیوەست بە جەنگ و رێگەکانی گەیشتن بە ئاشتی تاوتوێ کراون.

لە لایەکی دیکەوە، باس لە ئەگەری کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا؛ ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا، لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین، دەکرێت، کۆبوونەوەیەک کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئۆکرانیا تێیدا بەشدار نابێت. 

ئیڤان دۆڤانیچ، باڵیۆزی ئۆکرانیا لە عێراق، رۆژی سێشەممە، 20ی تشرینی یەکەمی 2026 بە کوردستان 24ـی گوت، هەر هەنگاوێک لەبارەی ئۆکرانیاوە بەبێ بەشداریی وڵاتەکەیان بنرێت، لە کۆتاییدا گەلی ئۆکرانیا دەبێت لەبارەی پەسەندکردنییەوە یەکلایی بکاتەوە.

ترەمپ رۆژی دووشەممە 19ی تشرینی یەکەمی 2026 رایگەیاند، ئەمریکا لەگەڵ رووسیا لەسەر چوار پرس گفتوگۆ دەکات، ئەوانیش جەنگی ئۆکرانیا، ئێران، بارمتەکان و دیزڵن. هەروەها ئاماژەی بەوە دا، ئەگەری کۆبوونەوە لەگەڵ پووتین و شی جینپینگ لە 18 و 19ی تشرینی دووەمی 2026 هەیە.