دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 پێش دەخرێت

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

لیستی مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئامادەیە و رەوانەی بەغدا دەکرێت، چاوەڕوان دەکرێت دابەشکردنی مووچە پێش بخرێت و لە رێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ـەوە بە سێ رۆژ کۆتایی پێ بێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان 24، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی 10ی ئامادە کردووە و ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، نوێنەرانی وەزارەتی دارایی بەرەو بەغدا بەڕێ دەکەون.

کوردستان24 زانیویەتی، سبەی پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، نوێنەرانی وەزارەتی دارایی لیستەکە رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی عێراق دەکەن بە مەبەستی پێداچوونەوە، پڕۆسەی پێداچوونەوەکەش یەک یان دوو رۆژ کاتی پێویستە.

 دواتر لیستەکە بە نووسراوێک ئاراستەی وەزیری دارایی عێراق دەکرێت، دوای پەسەندکردنی لەلایەن وەزیری داراییەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجە نووسراوی خەرجکردنی پارەکە بۆ بانکی ناوەندیی عێراق دەکات و پارەی مووچەی مانگی 10 دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی فیدراڵ. 

بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەم پڕۆسە کارگێڕییەی نزیکەی سێ بۆ چوار رۆژی پێویستە، چاوەڕوان دەکرێت کۆتایی هەفتەی داهاتوو یان سەرەتای مانگی 11 مووچەی مانگی 10 لە بەغداوە خەرج بکرێت.

بە گوتەی سەرچاوەیەک، وەزارەتی دارایی هەفتەی داهاتوو خشتەی مووچەی مانگی 10 ئامادە دەکات و بە سێ رۆژ مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بە شێوەی دیجیتاڵی و لە رێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ـەوە دابەش دەکرێت.

بۆ ئەم مانگە، هەرێمی کوردستان بۆ لیستی مووچەی مانگی 10 داوای یەک ترلیۆن و 64 ملیار دیناری کردووە. لەو بڕە نزیکەی 90 ملیار دینار بۆ خانەنشینی و باج دەبڕدرێت. حکوومەتی عێراقیش بە شێوەی لێدەرکردن بڕی 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ دەبڕێت، بەم شێوەیە نزیکەی 830 بۆ 850 ملیار دینار وەک پارەی مووچەی مانگی 10 بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت.