رۆیتەرز: تورکیا ئامادەکاری بۆ ناردنی هێزی سەربازی بۆ سعوودیە دەکات

تورکیا لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی بەرگریی هاوبەشی مەککە ئامادەکاری دەکات بۆ ناردنی هێزی سەربازی بۆ سعوودیە. 

ئەمڕۆ چوارشەمەمە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، پەرلەمانتارێکی پارتی دەسەڵاتداری تورکیا (ئاکپارتی)، بە ئاژانسی رۆیتەرزی گوت، تورکیا لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی بەرگریی هاوبەشی مەککە؛ ئامادەکاری بۆ ناردنی هێزی سەربازی بۆ سعوودیە دەکات. 

بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، پڕۆژەیاسای رێککەوتنامەی مەککە رەوانەی پەرلەمان کراوە بۆ پەسەندکردنی، ئەگەر پەسەند کرا، هێزی سەربازیی تورکیا رەوانەی سعوودیە دەکرێت. 

 ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، پڕۆژەیاسای رێککەوتنامەی بەرگریی هاوبەشی مەککە پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرا. رێککەوتنەکە کە ئامانجی پتەوکردنی ئاسایشی تورکیا، پاکستان و سعودیەیە لە رێگەی "بەرگری و رێگریی هاوبەش"، سەرەتا رەوانەی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمان کراوە بۆ گفتوگۆکردن.

 دوای گفتوگۆکردن لەسەر نێوەرۆکی رێککەوتنەکە، بریار وایە لە پەرلەمانی تورکیادا بخرێتە دەنگدانەوە بە مەبەستی پەسندکردنی.

رۆژی 7ی ئابی 2026، هەریەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا؛ محەممەد شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان و محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە "رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەککە"ـیان لە شاری مەککە واژۆ کرد.