هەرێمی کوردستان و یەکێتی ئەوروپا جەخت لە بەردەوامی هاوکارییە مرۆییەکانی دەکەنەوە

لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی و هاوکارییە هاوبەشەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و یەکێتی ئەوروپا، شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی دوو دامەزراوەی گرنگی یەکێتی ئەوروپای کرد لە بواری یارمەتییە مرۆییەکان و بەڕێوەبردنی قەیرانەکاندا.

شاندی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوو لە بەرێزان د. دلاوەر خالید ئاژگەیی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا و  بەڕێز سروە رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان، سەردانی ئۆفیسی سەرەکی یارمەتییە مرۆییەکانی یەکێتی ئەوروپایان لە برۆکسل کرد و لەگەڵ جێگری بەڕێوەبەری یارمەتییە مرۆییەکان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی پشتیوانیی و هاوکارییە مرۆییەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ هەرێمی کوردستان کرایەوە، بە تایبەتی لە بواری دابینکردنی یارمەتی بۆ پەنابەران و ئاوارەکان کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن. هەروەها، داوا کرا یەکێتی ئەوروپا بەردەوام بێت لە رۆڵی مرۆیی و پشتیوانییەکانی بۆ کەمکردنەوەی ئەو بارگرانی و ئاستەنگانەی لەسەر هەرێمی کوردستان هەن.

لە هەمان رۆژدا، شاندەکە سەردانی ناوەندی سەرەکی هەماهەنگی وەڵامدانەوەی فریاکەوتن و قەیرانەکانی یەکێتی ئەوروپا (ERCC)ی کرد، بە مەبەستی ئاشنابوون لە نزیکەوە بە میکانیزمی کارکردن، سیستەمەکانی هەماهەنگی و شێوازە نوێیەکانی وەڵامدانەوە بە قەیران و کارەساتەکان.

لە ماوەی سەردانەکەدا، گرنگییەکی تایبەت درا بە چۆنیەتی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و سیستەمە نوێیەکانی زانیاری و چاودێری، بۆ خێراکردن و باشترکردنی وەڵامدانەوەی مرۆیی لە کاتی روودانی کارەساتە سروشتی و مرۆییەکان، وەک لافاو، بوومەلەرزە، کۆچبەری و قەیرانە جۆراوجۆرەکان.

هەروەها، لە گفتوگۆکاندا باس لە گرنگی فراوانکردنی هاوکاریی دوولایەنە لە نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی یەکێتی ئەوروپا و هەرێمی کوردستان کرا، بە تایبەتی لە بوارەکانی گواستنەوەی ئەزموون، سوودوەرگرتن لە زانست و تەکنەلۆژیای نوێ، پەرەپێدانی تواناکانی دامەزراوەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان.

ئەم سەردانە هەنگاوێکی گرنگە لە پێناو پتەوکردنی پەیوەندییە دامەزراوەییەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و یەکێتی ئەوروپا، و هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی توانای هەرێمی کوردستان لە بواری بەڕێوەبردنی قەیران، وەڵامدانەوەی خێرا بە کارەساتەکان و پێشکەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان.