ئەمریکا پابەندبوونی خۆی بە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا، داوای دابینکردنی دادپەروەرانەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کرد بە رێژەی 14.14% لە بودجەی فیدراڵی 2027، و هەردوولاش جەختیان لەسەر خێرایی لە پێکهێنانی کابینەی نوێ و کاراکردنەوەی پەرلەمان کردەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە باڵیۆز ستیڤ فەیگن، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد؛ لە کۆبوونەوەکەدا کە گوێندۆلین (وێندی) گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە و گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی حکوومەتی هەرێم، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا، پابەندبوونی وڵاتەکەی بە دریژەدان بە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان دەربڕی؛ هەروەها سەرۆکی حکوومەت، سوپاس و پێزانینی هەرێمی بۆ پشتگیریی ئەمەریکا دووپات کردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا جەجتیان لە پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەشی داوە، لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرا. سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە پێویستە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و بەپێی رێژەی 14.14% ی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی گشتی فیدراڵ بۆ ساڵی 2027 تەرخان بکرێت.
