بەقایی: ئەمریکا بازاڕی جیهانی و ئاسایشی ناوچەکەی تێکداوە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەمریکا لە نۆ مانگی رابردوودا و لە کاتی دانوستانەکاندا دوو جار هێرشی کردووەتە سەر وڵاتەکەی و لێکتێگەیشتنی 17ی حوزەیرانی پێشێل کردووە؛ هەروەها جەختی کردەوە کە جیهان باجی دەستدرێژییەکانی واشنتن و ناسەقامگیریی بازاڕەکان دەداتەوە

چوارشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی لەبارەی پرۆسەی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن بڵاو کردەوە و تێیدا نووسیویەتی: لە نۆ مانگی رابردوو لە ناوەڕاستی دانوستانەکان ئەمریکا دوو جار هێرشی کردە سەرمان.

بەقایی بەشێک لە رووداوەکانی بەبیرهێنایەوە و گوتی: ئەمریکا لە قوتابخانەی میناب کۆمەڵکوژی کردووە، کچەکانی ئێمەی لە لامرد شەهید کردووە، سەرکردەکانی ئێمەی تیرۆر کرد، لەگەڵ ئەوەش سزاکانی سەر گەلی ئێمەی توند تر کرد.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمریکا بە پێشلکردنی لێکتێگەشتی نێوانیان تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، ئەمریکا شکستی بەو لێکتێگەیشتنە هێنا لە خۆیان لە 17ـی حوزەیرانی ئەمساڵ واژۆیان کرد؛ ئێستا داوا لە وڵاتان دەکات سەرکۆنەی ئێران بکەن

بەقای لە درێژەی پەیامەکەیدا باسی لەوە کردووە، جیهان ئێستا بەهۆی دەستدرێژییە نایاساییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ناسەقامگیری بازاڕی جیهان باجەکەی دەدات.

ئیسماعیل بەقایی دەشڵێت: ناکرێت تۆ جەنگێکی وێرانکەر دەستپێبکەیت و گڕ لە جیهان بەردەی و دواتر وەکوو قوربانی رەفتار بکەیت؛ باسی لەوەش کرد، ناتوانن خۆتان لە بەرپرسیارێتی بدزنەوە بەوەی دەستدرێژکار بکەنە دادوەر و قوربانیش بکەنە تاوانبار.