عێراقچی: ئێران خاوەن شارستانییە و لە بەردەم هیچ زلهێزێکدا چۆک دانادات
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە دەستپێشخەرییەکی حەوت رۆژەی پێشکەشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئاساییکردنەوەی هاتووچۆ لە گەرووی هورمز، هاوکات هۆشداریش دەدات کە تاران هەرگیز لە بەرامبەر هیچ هێزێکدا چۆک دانادات.
چوارشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە گوتارێکدا بۆ رۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمزی بەریتانی کە میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، سەرنجی خستووەتە سەر ئەنجامی کۆبوونەوەکانی لە پەراوێزی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاماژەی بەوە کردووە، سەرجەم دیدارەکانی هەڵگری یەک پەیامی هاوبەش بوون؛ ئەویش ئەوەیە کە تاران خوازیاری رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و سەربەرزانەیە لەگەڵ واشنتن، بەڵام مەرجی سەرەکی ئەوەیە کۆشکی سپی بە کردەیی کۆتایی بە دەستدرێژییەکانی بهێنێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران وردەکاریی پێشنیازێکی نوێی ئاشکرا کرد کە لە رێگەی وڵاتانی نێوەندگیرەوە گەیەندراوەتە واشنتن. بەپێی نەخشەڕێگاکە، هەنگاوەکان بە روونی دیاری کراون و تێیدا لە رۆژی شەشەمدا گەرووی هورمز بە تەواوی دەکرێتەوە و لە رۆژی حەوتەمیشەوە دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی دەست پێ دەکەنەوە، بەوەش ژیان لە ناوچەکەدا قۆناخ بە قۆناخ دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.
عێراقچی جەختی لەوە کردەوە کە هیچ متمانەیەکیان بە بانگەشەکانی ئەمریکا بۆ ئاشتی نەماوە، بەوپێیەی لە قۆناخەکانی پێشوودا، لە کاتێکدا دانوستانەکان بەردەوام بوون، ناوەندەکانی ئێران کەوتوونەتە بەر بۆردوومان. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر بنەمای زانیاری و لێکدانەوەی هەڵە سەبارەت بە توانای خۆڕاگریی گەلی ئێران بڕیاری شەڕی داوە، لە کاتێکدا هێزە چەکدارەکانیان لە رووبەڕووبوونەوەکانی پێشوودا ئەزموونی گەورەیان بەدەستهێناوە و لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ بەرگری.
وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لە لێکەوتە ئابوورییەکانی شەڕەکە کرد و رایگەیاند، پاش هەشت مانگ لە ململانێ، ئامارە نێودەوڵەتییەکان لەوانەش راپۆرتەکانی دامەزراوەی موودیز دەریدەخەن تەنیا ئەمساڵ شەڕەکە نزیکەی 265 ملیار دۆلار لەسەر هاووڵاتییانی ئەمریکی کەوتووە، کە دەکاتە نزیکەی دوو هەزار دۆلار بۆ هەر خێزانێک، بەشێکی گەورەی ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت و وزەوە بووە.
لە کۆتایی وتارەکەیدا، عەباس عێراقچی هۆشداریی دا کە گەرووی هورمز هیچ رێگەیەکی جێگرەوەی نییە و بۆ هەمیشە وەک کارتێکی بەهێز لە دەستی ئێراندا دەمێنێتەوە. ناوبراو رایگەیاند: "تەنیا کاتێک دەتوانین لەم قەیرانە دەرباز بین کە کۆشکی سپی دان بەوەدا بنێت بژاردەی سەربازی بەرامبەر ئێران شکستی هێناوە؛ ئێران خاوەن شارستانییەتێکی دێرینە و لە بەردەم هیچ زلهێزێکدا چۆک دانادات، بەڵام ئەگەر ئیرادەیەکی راستەقینە بۆ چارەسەرێکی دادپەروەرانە ببینین، ئامادەین جارێکی دیکە دەرفەت بە دیپلۆماسی بدەین."