سبەی لیستی مووچەی مانگی 10 و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی 9ـی هەرێم رادەستی بەغدا دەکرێت

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، بڕیارە سبەی لیستی مووچەی مانگی 10 و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی 9 رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت، هاوکات دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگە بەراورد بە مانگی رابردوو زووتر دەستپێدەکات.

چوارشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، سبەی پێنجشەممە بە فەرمی لیستی مووچەی مانگی 10 و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی 9 رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکرێت. بڕیاریشە لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا وردبینی لە لیستەکاندا کۆتایی پێ بێت،

پەیامنێری کوردستان24 جەختیشی کردەوە کە لیستەکە بە سیستەمی ئەلیکترۆنیی "پەیڕۆڵ" ئامادە کراوە و هیچ کێشە و گرفتێکی یاسایی و کارگێڕیی تێدا نییە.

لەسەر ئاستی عێراق، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 دەستیپێکردووە و ئەو وەزارەتانەی داهاتی خۆیان هەیە وەک وەزارەتی نەوت و دارایی مووچەیان وەرگرتووە. هاوکات بڕیارە لە سبەینێوە وەزارەتی دارایی عێراق دەست بە خەرجکردنی پارە بۆ سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی دیکەش بکات.

پەیامنێری کوردستان24 لە زاری بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراقەوە ئاشکرای کرد، بەپێچەوانەی مانگەکانی پێشوو هیچ کێشەیەکی نەختینە لە بەردەستدا نییە و پلانەکە بە جۆرێکە کە ئەم مانگە بەراورد بە مانگی رابردوو، دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان چەند رۆژێک بێتە پێشەوە و زووتر بگاتە دەست مووچەخۆران.