فازڵ میرانی: بەرەوپێشچوون لە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتیدا هەیە
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند؛ رۆژێک بە ئاشتی لە 100 رۆژی شەڕ باشترە و پێویستە کورد بەشێک بێت لە چارەسەر نەک قوربانیی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، هاوکات جەختیشی لە یەکدەنگیی لایەنە کوردییەکان و رەتکردنەوەی هەر جۆرە خۆفەرزکردنێکی نادەستووری لەلایەن بەغداوە کردەوە.
فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ی تشرینی یەکەمی 2026، لە کاتی بەڕێوەچوونی 18مین پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب میوانی ستۆدیۆی کراوەیی کوردستان24 بوو و رایگەیاند: پێشانگای کتێبم خۆشدەوێت، چونکە تەنیا شوێنی کۆبوونەوەی نووسەران و خوێنەران نییە، بەڵکو چالاکییەکیی گرنگی کۆمەڵایەتیشە، ئەمەش واتای ئەوەیە خەڵکێک هەیە کورد و هەرێمی کوردستان دەناسێت و خوێنەر و نووسەری باشمان هەیە و هاوکات جەخت لە هەبوونی ئەمن و ئاسایش دەکاتەوە.
فازڵ میرانی گوتیشی، سەروەرییەکی گەورەیە بۆ ئێمە هەموو ساڵێک ئەم پێشانگایە لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە دەکرێتەوە، دەربارەی کتێبیش دەڵێت، کتێب کلیلی کردنەوەی مێشکە و هەر کەسێک بە جارێک لە کتێبێک تێنگەیشت با دووبارەی بکاتەوە و تەنیا بۆ جوانی دای نەنێت، بەڵکو بیخوێنێتەوە.
بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی گوتی، هەمووان باس لە گۆڕانکاری دەکەن، بەڵام گرنگ ئەوەیە بزانین گۆڕانکارییەکان کامانەن و بەچ میکانیزمێک دەکرێن، پێویستە بزانین ئێمە لە کوێی ئەو گۆڕانکارییانە دەبین و خۆمان لە گۆڕانکارییە خراپەکان دوور بخەینەوە.
دەربارەی بارودۆخی ناوچەکەش فازڵ میرانی رایگەیاند، رۆژێک بە ئاشتی لە 100 رۆژی شەڕ باشتر و خۆشترە، هیوا دەخوازین عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە گۆڕانکارییە خراپەکان بە دووربن، جەختیشی کردەوە، پێویستە بەشێک بین لە چارەسەرییەکان نەوەک بەشێک بین لە قوربانییەکان، پێویستە هەموومان بەیەکەوە هەوڵدەین دەسکەوتەکان بپارێزین و رێگە نەدەین لەدەستمان بچێت.
دەربارەی داستانی پردێ و سحێلا، گوتی، جێگای شانازی و خۆشحاڵییەکی کوردە و لە بەرامبەردا پێکنەهێنانی حکوومەتیش جێگای دڵتەنگی هەموولایەک بوو، بەڵام بەرەو پێشچوون لە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی هەیە.
دەربارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکوومەتی عێراق باسی لەوە کرد، هەر جۆرە خۆ فەرزکردنێک بە زۆرینە کە دژی دەستوور بێت رەتیدەکەینەوە، پێویستە سەرجەم لایەنە کوردییەکان یەکدەنگ و یەک هەڵوێستبن لەسەر مافە رەواکانی گەلی کورد.