بەشێک لەو کتێبانەی ئەمڕۆ بەخشرایە سەرۆک بارزانی
لە پەراوێزی دەستپێکردنی 18ـەمین خولی پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب کە لە لایەن سەرۆک بارزانییەوە کرایەوە، سەردانی بەشێک لە دەزگا و ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کرد، لەنێویاندا دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
چوارشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، دکتۆر سیروان جەبار، بەرپرسی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان. لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، لە دەستپێکی گەڕانەکەیدا سەرۆک بارزانی بەسەردانکردنی ناوەندەکەیان بەسەرکردووەتەوە و وەک رێزلێنان پێنج لە نوێترین چاپکراو و بەرهەمەکانی دەستەکەیان پێشکەش کردووە.
دکتۆر سیروان جەبار، گوتی:، یەکێک لە دیارترین ئەو کتێبانەی پێشکەشی سەرۆک بارزانی کراوە، پەڕتووکی نێودەوڵەتیی 'کورد.. شۆڕشێکی بێدەنگ'ـە کە لە نووسینی پرۆفیسۆر "ژان پرادیا"یە. ئەم نووسەر و بیرمەندە لە دەیەی شەستەکانی سەدەی رابردووەوە لە نزیکەوە ئاشنای دۆزی رەوای گەلی کورد بووە، لەگەڵ هێزی پێشمەرگە لە سەنگەرەکاندا ژیاوە و بەشێکی زۆری ئەو رووداوە مێژووییانەی لە کتێبەکەیدا تۆماری کردوون، خودی خۆی شایەتحاڵی راستەقینەیان بووە.
بەرپرسی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان. ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆفیسۆر ژان پرادیا پەیوەندییەکی دێرین و نزیکی لەگەڵ سەرۆک بارزانی هەیە و ساڵی رابردووش بۆ ماوەی مانگێک وەک میوان لە زانکۆی سۆران ماوەتەوە، کە تێیدا زنجیرەیەک سیمینار و چالاکیی ئەکادیمیی دەربارەی میتۆدۆلۆژیای مێژوونووسی پێشکەشی مامۆستایان و پسپۆڕانی مێژوو کردووە.
بەشێک لەو کتێبانەی ئەمڕۆ بەخشرایە سەرۆک بارزانی:
کتێبی بریسکەی یاقووتلە لایەن زانا و نووسەری ئایینی کوردی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای کاتبەوە نووسراوە و 192 لاپەڕە پێکدێت، بە شێوەیەکی سەرەکی باسی ژیاننامە، مێژوو و کەرامەتەکانی شێخانی تەریقەت دەکات، بەتایبەتی کەرامەت و بەسەرهاتەکانی رابەری تەریقەتی نەقشبەندی حەزرەتی شێخ عوسمانی بیارە (سیراجەدینی دووەم). ئەم کتێبە لە بازنەی کتێبەکانی عیرفان، تەسەووف و ژیاننامەی پیاوچاکاندا پۆلێن دەکرێت.
بەهاری خوێناویی کورد لە نووسینی کامەران قەرەداغی
ئەم کتێبە لە بنەڕەتدا بە زمانی عەرەبی نووسراوە و دواتر لە لەلایەن رزگار عومەر وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی. نووسەر، کامەران قەرداغی لەم بەرهەمەیدا بەشێکی زۆری بەڵگەنامەی مێژوویی و ئەزموونی دیپلۆماسی خستووەتەڕوو، باسی رووداوە زۆر هەستیارەکان دەکات، هەر لە قۆناخی حەفتاکان، هەشتاکان، داڕشتنی راپەڕینی 1991 و رووداوەکانی دواتری دەکات.
کتێبی مەسنەوی مەعنەوی
کە لە لایەن شاعیر و عاریفی ناودار مەولانا جەلالەدینی رۆمییەوە نووسراوە، یەکێکە لە گەورەترین و کاریگەرترین بەرهەمەکانی تەسەوف (سۆفیزم) و ئەدەبیاتی جیهانی. ئەم کتێبە بە شێوەیەکی سەرەکی باسی گەشتی رۆحی مرۆڤ، خوداناسی و دۆزینەوەی حەقیقەت دەکات بەتایبەت (پەیوەندی نێوان مرۆڤ و خودا، بەکارهێنانی چیرۆک بۆ گەیاندنی پەند، پیرۆز راگرتنی عەشق)، بە کورتی، مەسنەوی وەکو "نەخشەی رێگایەک" وایە بۆ پێگەیاندنی مرۆڤ لە رووی ڕۆحی و ئەخلاقییەوە، تا بتوانێت بگاتە ئارامی دەروونی.
کتێبی یادی مەردان
لە نووسینی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیسە و لە کۆتایی ساڵانی حەفتاکاندا نووسیویەتی. کتێبەکە لە دوو بەرگ پێکهاتووەو زیاد لە هەزار لاپەرەیە. لەم کتێبەکەدا یادی (مەولانا خالیدی نەقشبەندی و شێخ عوسمان سیراجەدین) و کۆمەڵێک لە شێخە نەقشبەندییەکانی هەورامان و هەندێک لە مورید و مەنسووبە دیارەکانیان دەکات. مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕیس لە ساڵی 1979دا بەرگی یەکەمی (یادی مەردان)ی چاپ و بڵاو کردووەتەوە. دواتر لە ساڵی 1983دا بەرگی دووەمیشی چاپ و بڵاو دووەتەوە. ئەم کتێبە یەکێکە لە کتێبە پڕ زانیارییەکان لەسەر لایەنێکی فەرامۆشکراوی ئەدەبیاتی کوردی، کە ئەویش ئەدەبیاتی نامە و دەستنووس و رۆحی سۆفیگەرێتییە.
