پووتین رەزامەندیی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانی سێقۆڵی لەگەڵ ئەمریکا و ئۆکرانیا دەربڕی
لە کۆبوونەوەیەکی سێ کاتژمێریدا لە شاری سەنت پترسبۆرگ، ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا بە ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری کۆشکی سپیی راگەیاند؛ لە بنەڕەتدا رازییە بە دەستپێکردنەوەی دانوستانە سێقۆڵییەکانی نێوان مۆسکۆ، واشنتن و کیێڤ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، کە چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی نۆڤەمبەر و لە ئیمارات بەڕێوە بچێت.
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە بەشداریی یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا و کیریل دمیتریێڤ لە کۆشکی کۆنستانتین بەڕێوەچوو، هاوکات جارید کوشنەر، زاوای ترەمپ بە شێوازی ڤیدیۆیی بەشداریی لە گفتوگۆکاندا کرد. ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە کۆشکی سپی هیوادارە لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکانی سەر هەناردەی دیزڵی رووسی لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، مۆسکۆش نەرمی لە مەرجەکانی شەڕدا بنوێنێت.
یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، پووتین ئامادەیی خۆی دەربڕیوە لە دەوروبەری 10ی مانگی تشرینی دووەمی 2026 لەسەر ئاستی شاندی دانوستانکار، گەڕێکی نوێی دانوستانی سێقۆڵی دەست پێ بکاتەوە و ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەری زۆرە دانوستانەکان لە شاری ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات بەڕێوە بچن. ئامانجی سەرەکیی گفتوگۆکانیش داڕشتنی سیستمێکی ئەمنی و مسۆگەرکردنی ئاسایشی رووسیا و ئۆکرانیایە بۆ قۆناغی دوای شەڕ.
ئوشاکۆڤ تۆمەتی ئەوەی خستە پاڵ کیێڤ کە پێشتر دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی پەکخستووە، ئەویش دوای ئەوەی لە رۆژی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی رووسیادا هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر مۆسکۆ و ناوەندەکانی دەنگدان.
ستیڤ ویتکۆف دوای گەشتێکی چڕ لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج گەیشتە رووسیا، کە لەوێ لەگەڵ ڤلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، سەرکردەکانی نەرویج و فینلاند و نوێنەرانی فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، پۆڵەندا، یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ کۆببووەوە بە ئامانجی داڕشتنی پڕۆژەیەکی یەکگرتوو بۆ ئاشتی. زێلێنسکی لەو کۆبوونەوانەدا داوای کردبوو قۆناخی داهاتوو دیداری راستەوخۆی نێوان خۆی، پووتین و ترەمپ بێت.
سەرەڕای ئەوەی ویتکۆف پێشنیازە نوێکراوەکانی لەگەڵ خۆیدا هێنابووە سەنت پترسبۆرگ، بەڵام ئوشاکۆڤ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "گفتوگۆکانی ئۆسلۆ شتێکی ئەوتۆ بەسوودیان تێدا نەبوو بۆ چارەسەرکردنی راستەقینەی قەیرانی ئۆکرانیا."
پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، مۆسکۆ ئازادکردنی هاووڵاتییەکی ئەمریکیی بە ناوی "ستیڤن هابەرد" راگەیاند کە لە نیسانی 2022ەوە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەستگیر کرابوو. پووتین لە بەردەم کامێراکان بە ویتکۆفی گوت: "ستیڤن هابەرد ئێستا لە فڕۆکەخانەی پوڵکۆڤۆیە و دەگەڕێتەوە." لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەدا، ویتکۆف سوپاسی سەرۆکی رووسیای کرد و بە مرۆڤدۆست ناوی برد.
هاوکات دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایتیی "تروس" پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا نووسی: "ستیڤن لە رێگەی گەڕانەوەیە بۆ ماڵەوە. ویلایەتە یەکگرتووەکان لەبەر رێزگرتن لە سەرۆک ترەمپ هیچ شتێکی لە بەرامبەردا نەبەخشی؛ ئەمە دۆخێکی بێوێنەیە لە مێژووی رووسیادا و هیچ ئاڵوگۆڕێکی زیندانییەکان پێویست نەبوو."
جگە لە پرسی ئۆکرانیا، چەند تەوەرێکی دیکەی هەستیار لە کۆبوونەوەکەدا باس کران لەوانە پرسی ئێران؛ پووتین ڕایگەیاند، پەیوەندییەکی دێرین و متمانەپێکراویان لەگەڵ ئێران هەیە و ئامادەن لە نێوان واشنتن و تاراندا رۆڵی نێوەندگیر بگێڕن بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان.
سەرۆکی رووسیا خواستی خۆی پێشاندا کە لە ناوەڕاستی مانگی نۆڤەمبەر لە میانی سەردانێکیدا بۆ وڵاتی چین، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆببێتەوە.
ویتکۆف سوپاسی پووتینی کرد بۆ هەڵگرتنی بەربەستەکانی هەناردەی سووتەمەنیی (دیزڵ)، کە بووەتە هۆی دابەزینی نرخەکەی بە ڕێژەی 5 بۆ 6% لە جیهاندا. پووتینیش رایگەیاند لە چەند رۆژی داهاتوودا یەکەم تانکەر بە بڕی 40 هەزار تۆن دیزڵ بەرەو ئەمریکا بەڕێ دەکەوێت و ئامادەییشیان دەربڕی بڕێکی زۆر پەینی کیمیایی بۆ کێڵگەکانی ئەمریکا دابین بکەن.