میدیاکان: قالیباف و موجتەبا کۆبوونەوە
سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبووەوە؛ لە دیدارەکەدا دوا پێشهاتەکانی جەنگی سەربازی و ئابووری، هەماهەنگیی حکوومەت و پەرلەمان بۆ چارەسەری قەیرانەکان و برەودان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوبەشە ستراتیژییەکانی تاران تاوتوێ کران.
چوارشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2026، میدیای فەرمیی ئێران بڵاوی کردەوە محەممەد باقر قالیبا، فسەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەگەڵ موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبووەوە؛ لە دیدارەکەدا دوایین پێشهاتەکانی جەنگی سەربازی و ئابووری، رۆڵی پەرلەمان و پلانی هاوبەشی لەگەڵ هاوبەشە ستراتیژییەکانی وڵات تاوتوێ کران.
بەگوێرەی میدیایەکان، لە میانی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی پەرلەمان و رێبەری باڵای ئێراندا، بە وردی تاوتوێی لێکەوتەکانی جەنگی سەربازی، ئابووری و ناسینەوەیی مەعریفی-دەروونیی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران کراوە و جەخت لەسەر بەهێزکردنی بنەماکانی هێزی نیشتمانی کراوەتەوە.
لە دیدارەکەدا ئاماژە بە رۆڵی کاریگەری نوێنەرانی پەرلەمان کرا لە پاراستن و چەسپاندنی یەکڕیزیی نیشتمانی و پتەوکردنی کایەی کۆمەڵایەتی. هاوکات بەردەوامیی ئامادەیی هۆشیارانەی خەڵک لە گردبوونەوە مەیدانییەکاندا وەک فاکتەرێکی بەرپەرچدانەوە بەرامبەر هەڕەشەکان نرخێندرا.
تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، چڕکردنەوەی هەماهەنگیی نێوان حکوومەت و پەرلەمان بوو بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ قەیرانە ئابوورییەکان و سووککردنی بارگرانیی سەر شانی خەڵک، هاوکات پێشخستنی هەنگاوەکان و برەودان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوبەشە ستراتیژییەکانی تاران.
لای خۆیەوە، محەممەدباقر قالیباف، راپۆرتێکی تێروتەسەلی لەبارەی کار و چالاکییەکانی نوێنەرانی گەل لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی سەپێندراوی سێیەمەوە تا ئێستا پێشکەشی رێبەری باڵا کرد، هاوشان لەگەڵ خستنەڕووی پلان و بەرنامەکانی ئێستا و داهاتووی مەجلیس بۆ تێپەڕاندنی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم وڵات.