پلانە گەورەکەی گەشتوگوزار بۆ ساڵی داهاتوو چی لەخۆ دەگرێت؟
دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، وۆرکشۆپێکی تایبەت بە ئامادەکردنی پلانی ستراتیژیی گەشتوگوزار بۆ ساڵی 2027 ئەنجام دەدات. گوتەبێژی دەستەکەش رایدەگەیەنێت، ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو لەسەر حەوت تەوەری سەرەکی و بە بەشداریی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان پلانەکە دادەڕێژرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، دوێنێ سێشەممە بە سەرپەرشتیی سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە گەشتوگوزار وۆرکشۆپی تایبەت بە ئامادەکردنی پلانی گەشتوگوزار بۆ ساڵی 2027 دەستیپێکرد و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
ئیبراهیم عەبدولمەجید باسی لەوەش کرد، ئەمساڵ پڕۆسەی داڕشتنی پلانەکە جیاواز لە ساڵانی پێشوو بەڕێوە دەچێت؛ بەجۆرێک بە ئامادەبوون و بەشداریی راستەوخۆی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان، ئامانج و ستراتیژەکان دیاری دەکرێن و سوود لە سەرنج و بۆچوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان وەردەگیرێت. دەربارەی ناوەڕۆکی و بەرنامەی کارەکانیش، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار روونی کردەوە، وۆرکشۆپەکە حەوت تەوەری سەرەکی لەخۆ دەگرێت، کە بریتین لە:
- پەرەپێدانی ژێرخان و هەمەجۆرکردنی چالاکییە گەشتیارییەکان.
- ڕێکخستنەوەی یاسا و ڕێنماییەکان.
- پەرەپێدانی بواری کارگێڕی.
- بەرزکردنەوە و پەرەپێدانی توانای مرۆیی.
- پەیڕەوکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لە بەڕێوەبردنی جۆری (کوالیتی).
- بەبازاڕکردن و ڕاگەیاندنی گەشتیاری.
- پاراستنی ژینگە لە ناوچە گەشتیارییەکاندا.
ئیبراهیم عەبدولمەجید ئەوەشی خستەڕوو، لە رۆژی یەکەمی وۆرکشۆپەکەدا گفتوگۆی چڕ لەسەر بەشێک لە تەوەرەکان کراوە و لە رۆژی دووەمیشدا کار لەسەر تەوەرەکانی دیکە دەکرێت تا لە کۆتاییدا رەشنووسی پلانی گەشتوگوزاری ساڵی 2027 بە تەواوی ئامادەبکرێت.
بە کورتی تەوەرە سەرەکییەکانی ستراتیجیەتی گەشتوگوزار بۆ ساڵی 2027:
تەوەری یەکەم: پەرەپێدان و هەمەجۆرکردنی چالاکیی گەشتیاری و پاڵپشتیی کەرتی تایبەت
باشترکردنی ژێرخانی ناوچە گەشتیارییەکان و پەرەپێدانی بەرهەمی گەشتیاری.
جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی پلانی ستراتیژی، گرنگیدان بە بەنداوەکان و زیادکردنی پڕۆژەی وەبەرهێنان.
پەرەپێدانی خزمەتگوزاری لە بازگەکان و کەمکردنەوەی تێچووی بنکە گەشتیارییەکان.
پاڵپشتیکردنی کۆمپانیا و بنکە گەشتیارییەکان و دەستەبەرکردنی تەمویل لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانەوە.
تەوەری دووەم: پێداچوونەوە بە بڕیارە کارپێکراوەکان، ڕێکخستنی یاسا، ڕێنمایی و کاروباری موڵکداری
دەرکردنی ڕێنمایی نوێ بۆ ڕێکخستنی باشتری کەرتی گەشتوگوزار.
پێداچوونەوە و نوێکردنەوەی سەرجەم ئەو ڕێنماییانەی پێشتر دەرچوون.
تەوەری چوارەم: پەرەپێدانی پەیوەندی، ڕاگەیاندن و بەبازاڕکردنی گەشتیاری
ناساندن و پەرەپێدانی براندی گەشتیاریی کوردستان لەسەر ئاستی جیهانی.
بەبازاڕکردنی ئەلیکترۆنی بۆ شوێنە گەشتیارییەکان و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی هاووڵاتییان.
بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەران.
تەوەری پێنجەم: ڕێکخستن و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان، پەروەردەی گەشتیاری و زیادکردنی هەلی کار
پێگەیاندنی کەسانی پسپۆڕ بۆ بەڕێوەبردنی کارەکان لە کەرتی گشتی.
کردنەوەی خولی بەردەوام بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کارمەندانی کەرتی تایبەت.
ڕەخساندنی هەلی کار بەپێی بڕوانامەی باوەڕپێکراوی بواری گەشتیاری.
تەوەری شەشەم: باشترکردنی کوالیتیی خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی سیستەمی ئامار
پەیڕەوکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لە بەڕێوەبردنی کوالیتی و هاندانی کەرتی تایبەت بۆ جێبەجێکردنی.
پەرەپێدانی پڕۆسەی پۆلێنکردن و پشکنینی ناوەندە گەشتیارییەکان.
بەرزکردنەوەی ڕێژەی ڕەزامەندیی گەشتیاران و بەخشینی خەڵاتی ساڵانەی کوالیتی.
مۆدێرنکردنی سیستەمی کۆکردنەوە و وەرگرتنی داتا و ئامار.