قەیرانی دارایی و هەڵاوسانی ئابووری تەنگی بە ئەوروپییەکان هەڵچنیوە
رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی لە راپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، کەڵەکەبوونی زبڵدانەکان لە بەردەم دەرگای خوێندنگەکانی فەرەنسا و هەڵدانی چادر لە نێوجەرگەی مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، تەنیا دیمەنێکی تووڕەیی رۆژانە نەبوون؛ بەڵکو سەرەتای تەقینەوەی وەرزی ناڕەزایەتییەکان بوون لە سەرانسەری ئەوروپادا. ئەم شەپۆلە کە بە خێرایی پەلیکێشا بۆ بەلجیکا، ئیتاڵیا، پورتوگال و شەقامەکانی ئەلبانیا، ئاماژەیە بۆ دروستبوونی قەیرانێکی پێکهاتەیی قووڵ لە نێوان نەوەی نوێ و دامەزراوە فەرمییەکانی وڵاتانی کیشوەرە پیرەکەدا.
ئەگەرچی میدیاکان لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر سەرنجیان خستە سەر توندوتیژی و پێکدادانەکانی پەراوێزی خۆپیشاندانەکان، بەڵام لە جەوهەردا، شەقامەکان گوزارشت لە راستییەکی تاڵ دەکەن: گەنجانی ئەوروپا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە حکوومەتەکانیان چیتر ناتوانن یاخود نایانەوێت مافە سەرەتاییەکانی ژیان، وەک خانووبەرەی گونجاو، خزمەتگوزاریی گشتیی شایستە و یەکسانیی کۆمەڵایەتی فەراهەم بکەن.
جوگرافیای خۆپیشاندانەکان فرەڕەهەند و بەرفراوانە، بەڵام سەرچاوەی هەموویان یەک نیگەرانیی هاوبەشە:
ئەم هێڵکارییە پشتی بە داتاکانی دامەزراوەی ئاماری ئەوروپا (Eurostat) بەستووە و بەراوردی گۆڕانکاریی نرخی خانووبەرە دەکات لە نێوان ساڵانی 2015 تاوەکو 2026 لەسەر بنەمای پێوەرێک کە ساڵی 2015 وەک هێڵی بنەڕەت (100) دیاری کراوە:
1. پورتوگال؛ لە ماوەی 11 ساڵدا نرخی خانووبەرە لە پورتوگال 3 هێندە زیادیکردووە نزیکەی 200% گران بووە
2. ئیسپانیا؛ نرخی خانوو و کرێ دوو هێندە زیادی کردووە
3. تێکڕای ناوچەی یۆرۆ و وڵاتانی تر:50% بەرزبوونەوە
4. فەرەنسا تا ساڵی 2022 بەرزبووەوە
5.ئیتاڵیا کەمترین بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە
ئیسپانیا؛ کاتێک نیشتەجێبوون دەبێتە خەون
لە مەدرید، چالاکوانان و هاووڵاتییان کەمپێکی نیشتەجێبوونیان بە چادر لە نێوەندی شارەکەدا دروست کرد. بەرزبوونەوەی شێتانەی نرخی کرێی خانووبەرە، گەنجانی ئەو وڵاتەی ناچار کردووە رابگەیەنن کە بازاڕی خانووبەرە لە قازانجی کەمینەیەکی دەوڵەمەند قۆرخ کراوە و گەنجان ناتوانن سەربەخۆیی دارایی بەدەستبهێنن.
ئیتاڵیا؛ لوتکەی جیاوازیی چینایەتی لە میلانۆ
لە شاری میلانۆ، کە وەک پایتەختی ئابووریی ئیتاڵیا دەناسرێت، هاووڵاتییان دژی هەڵئاوسان رژانە سەر شەقام. هێمای سەرەکیی تووڕەییەکە لەوەدایە کە لەو شارەدا لە هەر 12 کەس یەکێکیان "ملیۆنێرە"، لە بەرامبەردا زۆرینەی هەرە زۆری هاووڵاتییان و گەنجان بە دەست نەبوونی بژێوی و بەرزبوونەوەی کرێی نیشتەجێبوونەوە دەناڵێنن.
ئەلبانیا؛ دژایەتیکردنی پڕۆژە گەشتیارییەکەی خێزانی ترەمپ
لە تیرانای پایتەختی ئەلبانیا، خۆپیشاندانی خوێندکاران وەرچەرخانێکی سیاسیی بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی پڕۆژەیەکی دروستکردنی هاوینەهەوار و گوندی گەشتیاری بە پاڵپشتیی خێزانی دۆناڵد ترەمپ خرایەڕوو، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی لێکەوتەوە و پێکدادانی توندی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان دروست کرد.
پورتوگال و دروشمی نەوەی بێماڵ لە گۆڕەپانی رۆسیۆ
لە گۆڕەپانی رۆسیۆ لە شاری لیشبۆنی پایتەختی پورتوگال، چالاکوانانی بواری نیشتەجێبوون کەمپێکیان بە چادر هەڵدا کە بە چەندین دروشمی تووند دەورە درابوون، لەوانە: نەوەی بێماڵ و تەنیا ماڵێکم دەوێت تێیدا بژیم. ئەوان سوێندیان خواردووە کە تا دەتوانن لە مانگرتن بەردەوام دەبن. ئەم دیمەنە دەنگدانەوەی ئەو ناڕەزایەتییانە بوو کە لە چەند هەفتەی رابردوودا لە شاری پۆرتۆ سەریانهەڵدا، دوای ئەوەی دانیشتووانەکەی رووبەڕووی بەرزبوونەوەی شێتانەی نرخی خانووبەرە بوونەوە؛ نرخێک کە لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2024 زیاتر لە دوو هێندە زیادی کردووە و خێرایی بەرزبوونەوەکەشی دوو هێندەی تێکڕای وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بووە.
رۆژی سێشەممە هێزە ئەمنییەکان چادری مانگرتووەکانیان لە پورتوگال تێکدا، بەڵام ئەم هەنگاوە بووە هۆی بڵاوبوونەوەی بانگەوازی نوێ بۆ دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانی بەرفراوانتر. هاوکات لە سەرتاسەری فەرەنسا، ئیسپانیا و ئیتاڵیاش بانگەوازی هاوشێوە بۆ خۆپیشاندان لە رۆژانی داهاتوودا بڵاوکراونەتەوە، ئەمەش دەریدەخات بەرپرسانی ئەوروپا لە بەردەم ئەرکێکی ئێجگار سەخت و چارەنووسسازدان.
فەرەنسا؛ داڕمانی پۆلەکانی خوێندن و نیو ملیۆن ناڕازی
خوێندکارانی فەرەنسا بەهۆی خراپیی دۆخی پۆلەکانی خوێندن، داڕمانی ژێرخانی پەروەردە و کەمیی بەرچاوی مامۆستایان، دەرگای خوێندنگەکانیان گرت. ئەمە لە کاتێکدایە زیاتر لە نیو ملیۆن کەس بە دەم بانگەوازی سەندیکاکانەوە هاتنە سەر شەقام دژی گرانبوونی تێچووی ژیان. ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئاستی ئاڵۆزییەکان بە جۆرێک بووە کە تەنیا لە پەراوێزی خۆپیشاندانەکاندا زیاتر لە 2,400 کەس لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراون.
ئەم هێڵکارییە پشتی بە داتاکانی پەیمانگەی نیشتمانیی ئاماری فەرەنسا (Insee) بەستووە و ڕێژەی قەرزی دەوڵەت وەک لەسەدی بەرهەمی ناوخۆیی (Debt-to-GDP) لە نێوان ساڵانی 1996 تاوەکو 2026 پیشان دەدات:
1. قۆناخی پێش قەیرانی 2008: قەرزی دەوڵەت لە نێوان 55% بۆ 65%ی داهاتی نەتەوەیی بووە و تا رادەیەک جێگیر بووە
2. قەیرانی دارایی جیهانی (2008): قەرزەکان لە 65%ەوە بە خێرایی بازیان دا بۆ سەرووی 85% و دواتر بۆ نزیکەی 95%
3. قۆناخی کۆرۆنا (2020) و پاشهاتەکانی: قەرزی فەرەنسا بەربەستی 100%ی شکاند و گەیشتە نزیکەی 115%
4. شەش ساڵی بەردەوام لە قەیراندا (2020 - 2026): شەش ساڵە لەسەریەک نەیتوانیوە قەرزەکانی بۆ خوار 100% دابەزێنێت و بەرەو بەرزبوونەوەی زیاتر دەڕوات نزیکەی 120%.
بێدەسەڵاتیی حکوومەتەکان؛ "پارە نییە و ناتوانین هیچ بکەین"
سێلیا بێلین، سەرۆکی نووسینگەی پاریسی ئەنجوومەنی ئەوروپا بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە، سەرنج دەخاتە سەر هۆکاری دەستەوەستانیی دەسەڵاتداران و دەڵێت: "حکوومەت لە بەرامبەر تووڕەیی خوێندکاران و گەنجاندا هیچ وەڵامێکی پێ نییە. کاتێک ئیدارەیەک بەهۆی کورتهێنانی دارایی و بەرزبوونەوەی رێژەی قەرز لە چاو داهاتی نەتەوەییدا دەستەپاچە دەبێت و پەرلەمانیش لە چەقبەستووییدا دەمێنێتەوە، وەڵامی فەرمی بۆ خەڵک تەنیا یەک رستەیە: 'هیچ پارەیەک لە بەردەستدا نییە و ناتوانین هیچ بکەین'؛ ئەمەش سەرچاوەی کارەساتەکەیە."
هاوکات سۆفی بینێ، ئەمینداری گشتیی سەندیکای کرێکارانی فەرەنسا (CGT)، پاش خۆپیشاندانی نیو ملیۆن کەسی، هۆشداریی دایە کۆشکی ئەلیزێ و رایگەیاند: "قەبارەی تووڕەییەکە زۆر قووڵە، بۆ دەربازبوون لەم قەیرانەش تەنیا یەک رێگە لە پێش دەسەڵاتداراندایە: وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی خەڵک، نەک پشتگوێخستنیان."
مانۆڕی راستڕەوەکان و تەپوتۆزی دۆسیەی کۆچبەری
لە کاتێکدا شەقامەکان بەهۆی کێشەی نان و خزمەتگوزارییەکانەوە دەکوڵێن، باڵی راستڕەوی توندڕەو لە فەرەنسا و ئیتاڵیا هەوڵ دەدات ئەم دۆخە بقۆزێتەوە و رووداوەکان وەک پشێویی کۆچبەران یان راپەڕینێکی سەرتاسەری دژی ئەوروپا پێناسە بکات.
ئەم بانگەشانە لە لایەن دەسەڵاتداران و ناوەندە ئەکادیمییەکانەوە رەتکرانەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، بە فەرمی رایگەیاند توندوتیژییەکان لە لایەن خودی هاووڵاتییانی فەرەنسییەوە ئەنجامدراون و هیچ بەستنەوەیەکی بە پرسی کۆچبەرییەوە نییە.
پرۆفیسۆر ئەلبێرتۆ ئەلەمانۆ، مامۆستای یاسای یەکێتیی ئەوروپا لە پاریس ئاماژەی بەوە کرد کە میدیا راستڕەوەکان دەیانەوێت راستییەکان بشێوێنن و گوتی: "ئەم خۆپیشاندانانە هۆکاری جیاوازیان هەیە و لە رووی سیاسییەوە یەک ئامانجیان نییە، بەڵام بڵاوبوونەوەی خێرایان لە یەک خاڵی لاوازی هاوبەشەوە سەرچاوە دەگرێت: ژمارەیەکی بێشومار لە گەنجانی ئەوروپا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە دەوڵەت و دامەزراوەکانی ئێستا ناتوانن ئاسایش، دەرفەتی کار و ئەو دەنگەی چاوەڕوانی دەکەن، بۆیان دابین بکەن."
زەنگێکی بەهێز؛ ئایا سیستم دەگۆڕێت؟
ئەم تەقینەوە جەماوەرییە هەڕەمەکی نییە، بەڵکو گوزارشتە لە داڕمانی مۆدێلی دەوڵەتی خۆشگوزەرانی لە ئەوروپادا. کاتێک گەنجێکی ئەوروپی دەبینێت باجێکی زۆر دەدات بەڵام دەستی بە نەخۆشخانەی باش، خوێندنگەی شایستە و خانوویەک بە کرێیەکی گونجاو ناگات، متمانەی بە سەرجەم پرۆسە دیموکراسییەکە نامێنێت.
پسپۆڕان کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئەگەر حکوومەتەکان لەبری پاساوهێنانەوەی دارایی بە شێوازێکی بنەڕەتی پێداچوونەوە بە سیاسەتە ئابوورییەکانیاندا نەکەن، ئەم پاییزی ناڕەزایەتییە تەنیا دەستپێکێک دەبێت بۆ زستانێکی زۆر گەرم لە شەقامەکانی ئەوروپادا؛ زەنگێک کە دەیسەلمێنێت نەوەی نوێ چیتر ئامادە نییە بە بێدەنگی باجی قەیرانە داراییەکانی دەسەڵات بدات.
ئەم هێڵکارییەش سێیەم گرافیکی زنجیرە راپۆرتەکەی رۆژنامەی گاردیانە، کە بە پشتبەستن بە داتاکانی دەستەی ئاماری یەکێتیی ئەوروپا (Eurostat) پێشانیدەدات چۆن لە ماوەی نێوان 2015 تاوەکو 2026 نرخی کەلوپەل و خزمەتگوزارییە رۆژانەییەکان (تێکڕای هەڵئاوسان) لە ئەوروپا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە:
1. قۆناخی ئارامی (2015 - 2021): لە ماوەی ئەم شەش ساڵەدا، هەڵئاوسان زۆر لەسەرخۆ بووە؛ ساڵانە تەنیا نزیکەی 1% بۆ 2% گرانبوون هەبووە.
2. تەقینەوەی نرخەکان لە دوای ساڵی 2021: لە کۆتاییەکانی ساڵی 2021 و بە درێژایی ساڵی 2022، هێڵەکان بە توندی روویان لە بەرزبوونەوە کردووە بۆ سەرووی 120 و 130.
3. بەلجیکا لە سەرووی هەمووانەوەیە: بەلجیکا زۆرترین و خێراترین بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە؛ تێچووی گشتیی ژیان لە بەلجیکا لە چاو ساڵی 2015دا زیاتر لە 40% گران بووە.
4. تێکڕای ناوچەی یۆرۆ و ئیسپانیا: 33% گرانبوونی گشتی لە سەرتاسەری وڵاتانی یۆرۆ.
5. فەرەنسا، پورتوگال و ئیتاڵیا: ئەم سێ وڵاتە لە ساڵی 2026دا زۆر لە یەکترەوە نزیکن و کەمترین هەڵئاوسانیان هەبووە، سەبەتەی خۆراک، پێداویستیی رۆژانە و خزمەتگوزارییەکان بە لایەنی کەمەوە 28% بۆ 30% بەرزبوونەتەوە.
درزی نێوان چاوەڕوانیی خەڵک و توانای دەوڵەتەکان
موجتەبا رەحمان، بەڕێوەبەری کاروباری ئەوروپا لە کۆمپانیای راوێژکاریی "Eurasia Group"، ئاماژە بەوە دەکات ئەوەی لە شەقامەکانی ئەوروپادا دەبینرێت تەنیا یەک بزووتنەوەی یەکگرتوو و رێکخراو نییە، بەڵکو "بەریەککەوتن و لێکجۆشبوونی چەندین بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی نیشتمانیی جیاوازە" کە هەریەکەیان هۆکاری تایبەت بە خۆیان هەیە.
بە گوتەی موجتەبا رەحمان: "خاڵی بەستنەوەی سەرجەم ئەم ناڕەزایەتییانە، بڵاوبوونەوەی ئەو تێگەیشتنەیە کە حکوومەتەکانی ئەوروپا ناتوانن خانووبەرەی گونجاو، خزمەتگوزاریی گشتیی کارا و ئاسایشی ئابووری بە تایبەت بۆ نەوەی گەنج فەراهەم بکەن." جەخت لە دروستبوونی کەلێنێکی قووڵ دەکاتەوە لە نێوان چاوەڕوانییەکانی خەڵک و توانای دارایی دەوڵەتدا و دەڵێت: "ئەم ناتەباییەی نێوان داخوازییە سیاسییەکان و واقیعی ئابووری، بە درێژایی کات گەورەتر دەبێت، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە لە مەودای مامناوەنددا ناڕەزایەتی و پشێویی زیاتر لە رێگادایە."
هەڵوەشانەوەی پەیمانی کۆمەڵایەتی لە ئەوروپا
ئارانچا گۆنزالێز، راگری کۆلێژی پاریس بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و وەزیری پێشووی دەرەوەی ئیسپانیا، کاتێک لە لایەن رۆژنامەی "Corriere della Sera"ی ئیتاڵییەوە پرسیاری لێکرا سەبارەت بە لێکچوونی نێوان ناڕەزایەتییەکانی خانووبەرە لە ئیسپانیا و ناڕەزایەتییەکانی خوێندنگەکان لە فەرەنسا، هەنگاوێک زیاتر ڕۆیشت و شکستی سیستەمەکەی دەستنیشان کرد.
گۆنزالێز رایگەیاند: "رەنگە هۆکارەکان جیاواز بن، بەڵام هەموویان لە یەک پریشکەوە سەرچاوە دەگرن: هەڵوەشانەوەی پەیمانی کۆمەڵایەتی. گەنجانی فەرەنسا بۆ پەروەردە دەجەنگن و گەنجانی ئیسپانیا بۆ خانووبەرە، بەڵام لە واقیعدا لە تەواوی ئەوروپادا، ئەو بیرۆکەیەی پێی وابوو ئابووری خۆشگوزەرانی و یەکسانیی کۆمەڵایەتی بەرهەمدەهێنێت، بە تەواوی تێکشکاوە."
تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی بۆ دیموکراسیی ئەوروپا
لە ڕوانگەی پرۆفیسۆر ئەلەمانۆوە، دەسەڵاتدارانی ئەوروپا دەبێت هاوسەنگی لە نێوان چەند ئەرکێکدا رابگرن: "پێویستە پارێزگاری لە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز بکەن، سەرپێچیکاران رووبەڕووی یاسا بکەنەوە، و دەست لەسەر هۆکارە بنەڕەتییەکان دابنێن، لە تێچووی بەرزی نیشتەجێبوون و ناسەقامگیریی هەلی کارەوە، تا دەگاتە داڕمانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و داهاتووی نادیاری تەکنۆلۆژیا."
لە کۆتاییدا هۆشداری دەدات و دەڵێت: "دامەزراوە دیموکراسییەکانی ئەوروپا بەوە هەڵناسەنگێندرێن کە تا چەند بە توندی سەرکۆنەی پشێوییەکان دەکەن، بەڵکو بەوە دەپێورێن کە ئایا دەتوانن ئەم تووڕەییە جیاوازەی نێوان نەوەکان، بکەنە دەرفەتێک بۆ گۆڕانکاریی سیاسیی بەرجەستە و کرداری لە ژیانی خەڵکدا یاخود نا."