ترەمپ: لە کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا زۆر نزیکین

ترەمپ: لە جەنگی دژ بە ئێران پەشیمانیش نیم

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن لە دانوستانی چڕ و هەستیاردایە لەگەڵ مۆسکۆ و رەنگە بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا زۆر نزیک بن لە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا؛ هاوکات بەرگریی لە هێرشەکانی سەر ئێرانیش کرد و گوتی بەهۆی ئەو شەڕەوە رێگرییان لە تاران کرد ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

چوارشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە بەردەم کۆشکی سپی سەرنجی خستە سەر چەند پرسێکی هەستیاری نێودەوڵەتی، لەوانە دانوستانەکانی ئاشتیی ئۆکرانیا، دۆسیەی ئێران

سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا و هەڵگرتنی سزاکانی سەر هەناردەی سووتەمەنیی رووسیا، ترەمپ جەختی کردەوە: "ئێستا ئێمە لەگەڵ ڕووسیا لەسەر پرسی ئۆکرانیا لە دانوستانداین. رەنگە بۆ یەکەمجار لە دوای ماوەیەکی زۆر، زۆر نزیک بین لە رێککەوتن؛ کاتێکیش لە رێککەوتنێک نزیک دەبیتەوە و دانوستانێکی ئێجگار هەستیار بەڕێوە دەبەیت، لەو کاتەدا سزا بەسەر لایەنی بەرامبەردا ناسەپێنیت."

ئەم لێدوانەی ترەمپ هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە سێقۆڵییەکان رووسیا، ئەمریکا و ئۆکرانیا کە پێشبینی دەکرێت لە مانگی نۆڤەمبەردا بەڕێوە بچن.

لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکدا سەبارەت بەوەی ئایا پەشیمانە لە هەڵگیرسانی جەنگ دژ بە ئێران، ترەمپ بە توندی وەڵامی دایەوە و گوتی:"نەخێر، بە بڕوای من ئەمە یەکێک بوو لە مەزنترین ئەو کارانەی کە کردوومانە؛ ئێمە بە تەواوی رێگریمان لە ئێران کرد ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."

لە بەشێکی دیکەی پرسیارەکاندا، دەربارەی بڕیاری بەکارهێنان یان کۆنترۆڵکردنی سیستەمی مانگی دەستکردی "ستارشیڵد" کە لەلایەن کۆمپانیای ئیلۆن مەسکەوە بەڕێوەدەبرێت، ترەمپ رەتیکردەوە ئاگاداری ئەو بابەتە بێت و گوتی: "من دەستم تێدا نەبووە و نازانم کێ ئەو فەرمانەی داوە، بەڵام من بەشدار نەبووم."