ترەمپ دڵخۆشە بەوەی رووسیا هاوکاریی ئێران ناکات
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، توانای ئابووری و سەربازیی ئێران گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی. ترەمپ خۆشحاڵیی خۆی بەوە دەربڕی کە رووسیا هیچ هاوکارییەکی ئێران ناکات.
ترەمپ لە لێدوانێکدا روونیکردەوە، رووسیا و چین ئارەزووی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان واشنتن و تاران دەکەن. سەبارەت بە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا، ترەمپ پێی وایە چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییە لە هەر کاتێکی دیکە نزیکتر بووەتەوە، چونکە هەردوو وڵات دەیانەوێت بەشداری لە کۆتاییهێنان بە جەنگەکە بکەن.
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکرد، لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا سەبارەت بە چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا گفتوگۆی کردووە.
لە کاتێکدا باس لە ئامادەکارییەکان بۆ هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران دەکرێت پاش هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا، ترەمپ دووپاتیکردەوە، وڵاتەکەی توانیویەتی تواناکانی ئێران بۆ پیتاندنی ناوەکی لە رێگەی دوو ئۆپەراسیۆنی "لێدانی نیوەشەو و داستانی تووڕەیی" لەناوببات.
ترەمپ لە گوتارێکدا لە کۆبوونەوەیەکی هەڵبژاردن لە ویلایەتی ساوس کارۆلاینا رایگەیاند، ئەو دەرهاویشتانەی جەنگ کە ئەمریکییەکان بەرگەی دەگرن، باجێکی کەمە. سەرۆکی ئەمریکا ئێرانی وەک یەکەم وڵاتی سپۆنسەری تیرۆر ناوبرد.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "دەتوانین ئێستا بکشێینەوە، بەڵام دەمانەوێت دڵنیا بین لەوەی ئەو ئەنجامانەی لە ئێران بەدەستمانهێناوە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبن". ئەو روونیکردەوە، ئێستا دڵنیان تاران خاوەنی چەکی ناوەکی نابێت و دەبوو ئەو هەنگاوانە ساڵانێک لەمەوبەر بگیرێنەبەر.
ترەمپ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، زۆربەی خەڵک پێیانوایە وڵاتەکەی پاش هەڵبژاردنەکان شتێک بەرامبەر ئێران دەکات، بەڵام خۆی لە روونکردنەوە بوارد و تەنیا گوتی، دەبینین چی روودەدات. ترەمپ جەختیکردەوە، ئیدارەکەی دانوستان لەگەڵ ئێرانییەکان ناکات و گوتی، بە هەر شێوەیەک بێت شتێک بەم نزیکانە روودەدات.
بەرپرسانی ئەمریکی و سەرچاوە ئاگادارەکان بە نیویۆرک تایمزیان راگەیاندووە، سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل پلانی دیاریکراویان بۆ هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران دوای هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکا ئامادەکردووە، کە بڕیارە 3ـی تشرینی دووەمی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، پلاندانانەکە چڕبووەتەوە سەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی کورت بەڵام چڕ. سوپای هەردوو وڵات مەشقەکانیان چڕترکردووەتەوە و فڕۆکەکانیان لە ئاسمانی عێراقدا بۆ مەشقکردن لەسەر مانۆڕەکانی هێرشکردن دەستیان بە فڕینکردووە. ئەگەری هەیە ئامانجەکان ژێرخانی وزە، دامەزراوە ناوەکییەکان، جبەخانەی مووشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بگرێتەوە.
بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژەیان بەوەشکردووە، پێت هیگسیت، وەزیری جەنگی ئەمریکا ئەم هەفتەیە لە ئیسرائیل لەگەڵ بنیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی هێرشی نوێ.
بەرپرسانی ئاگادار پێیانوایە شەپۆلێکی دیکەی بەرفراوانی هێرشەکان لەوانەیە ئابووریی ئێران بخاتە لێواری داڕمان و وڵاتەکە ناچار بکات دوای نزیکەی هەشت مانگ لە ململانێ، سازشی دیپلۆماسی بکات.
بەرپرسانی ئیسرائیلی و ئەمریکی بە ئەکسیۆسیان راگەیاندووە، دەیان فڕۆکەی جەنگیی سەر بە هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل دووشەممەی رابردوو مەشقێکی ئاسمانییان ئەنجامداوە و گەیشتوونەتە نزیک سنووری ئێران. ئەو ئۆپەراسیۆنە لە دووری زیاتر لە 800 میل لە ئیسرائیلەوە، یەک هەفتە بەر لە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل و لەو رۆژەدا بەڕێوەچوو کە هیگسیث لە بنکەی ئاسمانیی عۆفدای ئیسرائیل لەگەڵ نەتەنیاهوو کۆبووەتەوە.