ئیسرائیل لە گوندێکی سووریا قەناس بەدەست جێگیر دەکات

هێزەکانی ئیسرائیل هەڵیانکوتایە سەر گوندی جوملە لە رۆژئاوای دەرا و قەناس بەدەستانیان لەسەر بانی ماڵی هاووڵاتییان جێگیر کردووە.

ئاژانسێکی هەواڵی سووری بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئیسرائیل لەو گوندە هەڵمەتی پشکنین و هەڵکوتانە سەری چەندین ماڵیان کردووە، ئەمەش مەترسییەکی راستەوخۆی بۆ سەر ژیانی دانیشتووان دروستکردووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو راپۆرتە، سەربازانی ئیسرائیل قەناس بەدەستانیان لە ناو گەڕەکە نیشتەجێبوونەکاندا بڵاوەپێکردووە و بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تەقە دەکەن.

هێزەکانی ئیسرائیل پێشتر بە تۆپی قورس دەوروبەری عابدین لە ناوچەی حەوزی یەرمووکیان بۆردومان کرد. ئەو هێرشە دۆخێکی گرژی لە نێوان دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان دروستکرد، بەڵام بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان بۆردومانەکە زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

ناوچەی رۆژئاوای دەرا ماوەیەکە بەهۆی بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل، دۆخێکی ئەمنیی ناسەقامگیری بەخۆوە بینیوە. بەکارهێنانی ژێرخانی مەدەنی وەک ئامانجی سەربازی بووەتە دیاردەیەک، ئەمەش پێشێلکارییەکی گەورەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە کە بەکارهێنانی مەدەنییان و دامەزراوەکانیان بۆ مەرامی سەربازی یان خستنە مەترسیی ژیانی ئەوان قەدەغە دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی سووریا پێشتر دژایەتیی خۆی بۆ پەرەسەندنی ئەو هەڵکوتانە سەریانە لە پارێزگاکانی قونەیترە و دەرا راگەیاند و هۆشداری دا لە لێکەوتەکانیان لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە.

وەزارەتی دەرەوەی سووریا جەختیکردەوە، "بەردەوامبوونی ئەو پێشێلکارییانە دەرفەتی بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکە بە گشتی و سووریا بە تایبەتی لاواز دەکات". هەروەها روونیکردەوە کە ئەو دۆخە ئاستەنگ بۆ هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە و چاکسازی دروست دەکات.