ئۆکرانیا بە سەدان درۆن هێرشی کردە سەر مۆسکۆ

رووسیا.. 808 درۆن ئاراستەی مۆسکۆ کراون

سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ رایگەیاند، شەوی رابردوو 808 درۆن اراستەی مۆسکۆ کراون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی لە پەیامێکدا لە تێلیگرام روونیکردەوە، لە نێوان کاتژمێر 8:30ـی شەوی 21ـی تشرینی یەکەم تا 4:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئەو ژمارە فڕۆکەیە بەرەو مۆسکۆ هەڵدراون، بەڵام سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی زۆربەیانیان تێکشکاندووە. سۆبیانین ئاشکرایکرد، هێرشەکە بووەتە هۆی برینداربوونی دوو کەس لە ناوچەیەکی دەرەوەی مۆسکۆ.

رۆیتەرز لە سۆبیانینی گواستەوە، بەرگریی ئاسمانیی رووسیا رووبەڕووی هێرشەکە بووەتەوە. رووسیا هیچ وردەکارییەکی زیاتری لەبارەی قەبارەی زیانەکان یان ئەو شوێنانە نەخستە روو کە کراونەتە ئامانج.

ئەم دۆخە پاش ئەوە دێت کە ئاڵوگۆڕی هێرشە ئاسمانییەکان لە نێوان رووسیا و ئۆکرانیا زیاتر بووە و پانتایی ئۆپەراسیۆنەکان ناوچەکانی دوور لە هێڵەکانی بەرەکانی جەنگیشی گرتووەتەوە.

 بەرپرسانی رووسیا رایانگەیاند، لە هێرشێکی  درۆن بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە بریانسکی رۆژئاوای رووسیا، گەنجێکی تەمەن 19 ساڵ کوژراوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

یگۆر کۆڤاڵچوک، حاکمی بریانسک بە رۆیتەرزی راگەیاند، هێرشەکە لەلایەن درۆنێکی ئۆکرانییەوە کراوە.