ئەمریکا داوای لەکارمەندانی دەکات سعوودیە جێبهێڵن

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رەتی کردەوە واشنتن بڕیاری چۆڵکردنی باڵیۆزخانەکانی لە وڵاتانی کەنداو دابێت. ئەو بەرپرسە جەختی کردەوە، بڕیاری بەجێهێشتنی وڵاتەکە تەنیا سعوودیە دەگرێتەوە، ئەوەش بەهۆی پەرەسەندنی کردەوەکانی حووسییەکان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، تۆمی پیگووت گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی لە سۆشەڵ میدیادا بڵاوبوونەتەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن واشنتن داوای لە کارمەندانی نائەساسی و خێزانەکانیان کردووە باڵیۆزخانەکانی کەنداو بەگشتی چۆڵ بکەن، رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانە نادروستن.

پیگووت لە تویتێکدا لە تۆڕی ئێکس روونی کردەوە، وەزارەتی دەرەوە داوای لەو کارمەندە حکوومییانەی ئەمریکای کردووە کە مانەوەیان پێویست نییە، لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکانیان تەنیا خاکی سعوودیە بەجێبهێڵن.

تۆمی پیگۆت روونی کردەوە، حووسییەکان کە سەر بە ئێرانن، کردەوە دوژمنکارییەکانیان دژی سعوودیە پەرەیان پێ داوە و هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانە مەدەنییەکان و دامەزراوە ژێرخانییە گرنگەکانی دیکە. ئەم دۆخەش کوژران و برینداربوونی مەدەنییەکان و تێکچوونێکی زۆری لە جموجۆڵی گەشتیاری لێکەوتووەتەوە. بیگووت جەختی کردەوە، سەلامەتی و ئاسایشی کارمەندانی وەزارەت و خێزانەکانیان لە پێشینەی کارەکانیانە و بەردەوامن لە گرتنەبەری هەموو رێوشوێنێکی پێویست بۆ پاراستنیان.

دوێنێ چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا فەرمانی بە بەشێک لە دیپلۆماتکاران و ئەندامانی خێزانەکانیان کرد خاکی سعوودیە بەجێبهێڵن، ئەوەش دوای زنجیرەیەک هێرش هات کە سعوودیە رووبەڕووی بووەوە.

وەزارەتی دەرەوە لە راگەیەندراوێکدا روونی کردەوە، حووسییەکان هێرشی دوژمنکارییان دژی سعوودیە کردووە، کە تێیدا فڕۆکەخانە مەدەنییەکان و ژمارەیەک دامەزراوەی دیکەی ژێرخانی گرنگ کراونەتە ئامانج. بەو هۆیەشەوە ژمارەیەک مەدەنی بوونەتە قوربانی و تێکچوونێکی زۆر لە گەشتە ئاسمانییەکاندا دروست بووە.