لە ئەنجامی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی شا فەهدی سعوودیە 9 کەس بوونە قوربانی
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەرگریی شارستانی و دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعوودیە رایانگەیاند، هێرشێک کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا فەهد لە دەمام، کە بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەست داوە و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی راگەیەندراوێکی بەرگریی شارستانی، بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە تا چارەسەری پێویستیان بۆ بکرێت و دۆخی تەندروستیی هەندێکیان باشە و هی هەندێکیان سەختە، لە راگەیەندراوەکەدا روونکراوەتەوە، هێرشەکە زیانی ماددی بە فڕۆکەخانەکە گەیاندووە و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی خەمڵاندنی قەبارەی زیانەکانن.
لەلایەکی دیکەوە، تورکی مالیکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە 4 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچەی رۆژهەڵات بخەنە خوارەوە و تێکیان بشکێنن پێش ئەوەی بگەنە ئامانجەکانیان.
دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنی و لایەنە ئەمنییەکان جەختیان لەوە کردەوە، رێکارە پێویستەکان گیراونەتە بەر و دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە.
هێرشی حووسییەکان بۆ سەر ناوخۆی سعوودیە لەم دواییانەدا گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز، بەتایبەت دوای ئەوەی لە هێرشێکی شەممەی رابردوودا بۆ سەر فڕۆکەخانەی ریاز 13 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 300 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە بە خوێناویترین هێرشی 10 ساڵی رابردوودا دادەنرێت، بەوەش کۆی گشتیی قوربانییانی هێرشەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەکانی سعوودیە لە سەرەتای ئەم مانگەوە گەیشتووەتە 21 کوژراو.
نوێکراوەتەوە.
لە نوێترین راگەیەندراوی دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سعودیەدا هاتووە، ژمارەی کوژراوانی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شا فەهد لە دەمام بۆ دوو کەس بەرزبووەوە.