ئێلۆن مەسک هەڕەشە لە دیموکراتەکان دەکات

ئێلۆن مەسک، ملیاردێر و هاوپەیمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی لەو دیموکراتییانە کرد کە لە ئەگەری بەدەستهێنانەوەی کۆنترۆڵی کۆنگرێس لە هەڵبژاردنی مانگی داهاتوودا، پلانیان هەیە لێکۆڵینەوە لەبارەی تۆمەتی گەندەڵی و رۆڵەکەی لە حکوومەتی ئەمریکا بکەن.

مەسک لەسەر پلاتفۆڕمی ئێکس کە خاوەندارێتی دەکات، وەڵامی راپۆرتێکی ماڵپەڕی پۆلیتیکۆی دایەوە سەبارەت بە پلانی دیموکراتییەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە چالاکییەکانی. مەسک لەو بارەیەوە نووسی: "هەرکەس بە شمشێر بژی، بە شمشێر دەمرێت".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەسەر هەمان پلاتفۆڕم، مەسک روونیکردەوە، ئەوانەی دەیانەوێت شەڕی بکەن، دەبێت بزانن کە ئەو ئاشکرای دەکات کێ بەڕاستی بڕیارەکان دەجووڵێنێت، نەک تەنیا ئەو بووکەڵانەی بەکاریان دەهێنن.

مەسک کە یەکەم کەسە لە ئەمریکا سەروەتەکەی بگاتە ترلیۆنێک دۆلار، یەکێکە لە سپۆنسەرە گەورەکانی پارتی کۆماری. ئەو وەک راوێژکاری سەرۆک کار دەکات و لە رێگەی کۆمپانیای سپەیس ئێکسەوە سوود لە گرێبەستەکانی حکوومەت وەردەگرێت.

هاوکات مەسک خاوەندارێتی کۆمپانیای تێسلا دەکات، کە کۆمپانیایەکی پێشەنگە لە پیشەسازی ئۆتۆمبێلی کارەبایی.

کۆمارییەکان ئێستا کۆنترۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان بەدەستەوەیە، بەڵام پێشبینییەکان دەریدەخەن ئەگەری هەیە دیموکراتییەکان لە 3ـی تشرینی دووەمدا کۆنترۆڵی ئەنجوومەنەکە بەدەست بهێننەوە.

ئەم گۆڕانکارییە دەسەڵاتی لێژنەکانی لێکۆڵینەوە دەبەخشێتە دیموکراتییەکان کە خاوەن دەسەڵاتی بەرفراوانن، لەنێویاندا توانای ناچارکردنی کەسەکان بۆ داننان و پێشکەشکردنی شایەتی، ئەمەش مەسک دەخاتە بەر هەڕەشەی ئەو لێکۆڵینەوانە.