مێتا بە 25 ملیار دۆلار سزادرا
دادگایەکی ئەمریکا بڕیاری دا کۆمپانیای مێتا بە بڕی 25 ملیار دۆلار سزا بدات. هۆکاری ئەم بڕیارەش بۆ پێشێلکردنی یاسای پاراستنی بەکاربەر و دزەپێکردنی زانیارییە کەسییەکانی بەکارهێنەرانی فەیسبووک و ئینستاگرام دەگەڕێتەوە.
دادگایەکی نیومێکسیکۆی ئەمریکا کۆمپانیای مێتای بە بڕی 25 ملیار دۆلار سزا دا. ئەم سزایە دوای سەلماندنی ئەوە دێت کۆمپانیاکە لە رێگەی فەیسبووک و ئینستاگرامەوە بەکارهێنەرانی هەڵخەڵەتاندووە و زانیارییە کەسییەکانیانی خستووەتە مەترسییەوە.
سەرەتای دروستبوونی ئەم کێشەیە بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016ـی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەگەڕێتەوە، کاتێک دەرکەوت زانیاریی زیاتر لە 87 ملیۆن بەکارهێنەری فەیسبووک بەبێ ئاگاداریی خۆیان کۆکراوەتەوە. ئەم زانیارییانە لە رێگەی ئەپڵیکەیشنێکی تاقیکردنەوەی کەسایەتییەوە وەرگیراون و دواتر دراونەتە کۆمپانیای راوێژکاریی کامبریج ئەنالیتیکا بۆ ئەوەی بۆ بانگەشەی سیاسی بەکاریان بهێنێت.
بەهۆی ئەم پێشێلکارییە گەورەیەی یاسای پاراستنی بەکاربەر، فرانسیس ماتیو، دادوەری دادگاکە سزاکەی بەسەر مێتادا سەپاند. لە کاردانەوەی ئەم بڕیارەشدا راوڵ تۆریز داواکاری گشتیی نیومێکسیکۆ، رایگەیاند، ئەم سزایە وەک ئاگادارکردنەوەیەکی روون دەبێت بۆ هەموو کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکان تاوەکو یاری بە زانیاریی هاووڵاتییان نەکەن.
بەپێی یاسای ئەو ناوچەیە، پارەی ئەم سزادانە راستەوخۆ بۆ کەرتی پەروەردە دەڕوات و بڕەکەی هێندە زۆرە دەتوانێت تێچووی دروستکردنی قوتابخانەکان بۆ 100 ساڵی داهاتوو دابین بکات. لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕوان دەکرێت مێتا داوای پێداچوونەوە بکات، بۆیە دەستبەجێ بەکارهێنانی پارەکە دەست پێناکات.
ئەم بڕیارە بە گەورەترین سزای دارایی دادەنرێت لە مێژووی ئەمریکادا بەسەر یەک کۆمپانیادا سەپێنرابێت.