بەقایی وەڵامی روبیۆی دایەوە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەداتەوە و هۆکاری سەرنەکەوتنی گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وڵات بۆ هەڵسوکەوتەکانی واشنتن دەگەڕێنێتەوە، داواش دەکات بەرپرسانی ئەمریکا لە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی تێبگەن.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" لە وەڵامی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پابەندنەبوونی حکوومەتی ئەمریکا بە بەڵێنە دیپلۆماسییەکان و پشتبەستن بە هەڕەشە، هیچ پەیوەندییەکی بە باوەڕی ئایینیی خەڵکی ئێرانەوە نییە.
بەقایی ئاماژەی بەوە دا، باوەڕ لەگەڵ لۆژیک دژایەتی ناکات و سێکۆلاریزمیش مسۆگەریی دانایی نییە. هەروەها باسی لەوە کرد، هۆکاری سەرەکیی سەرنەکەوتنی گفتوگۆی لۆژیکی بۆ باوەڕی ئایینیی ئێران ناگەڕێتەوە، بەڵکوو هۆکارەکەی هەڵسوکەوتی ئەمریکایە لە بری دیپلۆماسی داوای سەپاندنی مەرج دەکات.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باوەڕی وایە، داواکردنی دەستکەوت بێ پێدانی مافی بەرانبەر و پشتگوێخستنی بەرژەوەندییەکان، رێگە بۆ رێککەوتنی درێژخایەن خۆش ناکات.
لە کۆتاییدا بەقایی داوا لە بەرپرسانی ئەمریکا دەکات واز لە قسەی ئایدیۆلۆژی بهێنن و لە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئێران تێبگەن، هەروەها کێشەی پێشێلکردنی بەڵێنەکانی خۆیان چارەسەر بکەن.
لە تشرینی یەکەمی 2026 و لە ناوەڕاستی ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رەخنەی توندی لە سەرکردەکانی ئێران گرت و باسی لەوە کرد، رێبەرانی ئێران لەسەر بنەمای ئایین و ئایدیۆلۆژی بڕیار دەدەن، بۆیە گەیشتن بە رێککەوتن و گفتوگۆی لۆژیکی لەگەڵیاندا زۆر قورسە.