ئیمارات بەربژێرێکی بۆ پۆستی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دیاریکرد
ئیمارات بە فەرمی لانا زەکی نوسەیبە، وەزیری دەوڵەتی ئیمارات بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، وەک بەربژێری خۆی بۆ پۆستی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دیاریکرد.
ئاژانسی ‘وام’ـی ئیمارات بڵاویکردەوە، محەمەد زاید ئال نهیان، سەرۆکی ئیمارات بە ئاراستەکردنی نامەیەک بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی گشتی و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، نوسەیبەی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کرد. ئەم هەنگاوە بەگوێرەی ئەو رێکارانە گیراوەتەبەر کە بۆ هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی ئەمینداری گشتیی نوێ پەسەند کراون.
لانا زەکی نوسەیبە لە پاڵ ئەرکە وەزارییەکانی، لە ساڵی 2013 تا 2024 وەک نوێنەری هەمیشەییی ئیمارات لە نەتەوە یەکگرتووەکان کاری کردووە، لەو ماوەیەدا پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتی و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری دەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئافرەتانی لە ئەستۆ بووە، هاوکات وەک هاوسەرۆکێک بۆ پەرەپێدانی کارەکانی ئەنجوومەنی گشتی و چاکسازیی ئەنجوومەنی ئاسایش رۆڵی گێڕاوە.
لە ماوەی ئەندامێتیی ئیمارات لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ خولی 2022-2023، لانا نوسەیبە دووجار سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکەی کردووە، ئەو کارەکانی لە بوارەکانی ئاشتی، ئاسایش، کاری مرۆیی، گەشەپێدانی بەردەوام، مەترسییە ئەمنییەکانی پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا، کاروباری ئافرەتان و چاکسازیی سیستەمی فرەلایەنە چڕ کردووەتەوە.
ئەنجوومەنی ئاسایش بەردەوامە لە تاوتوێکردنی لیستی بەربژێران لە رێگەی خولەکانی دەنگدانی نافەرمییەوە، کە دوایین خولیان 16ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەچوو.
بەپێی پەیڕەوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی گشتی لەسەر بنەمای راسپاردەی ئەنجوومەنی ئاسایش، ئەمینداری گشتی دەستنیشان دەکات، پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمینداری گشتیی نوێ لە هەفتەکانی داهاتوودا درێژەی دەبێت، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستبەکاربوونی کەسی هەڵبژێردراو لە کانوونی دووەمی 2027.