وڵاتانی ئەوروپا رۆڵی هەرێمی کوردستان لە سەقامگیریی ناوچەکەدا بەرز دەنرخێنن

وڵاتانی ئەوروپا پشتیوانیی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپات دەکەنەوە و رۆڵی هەرێمیش لە سەقامگیریی ناوچەکەدا بەرز دەنرخێنن.

دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا بە کوردستان24ـی راگەیاند، ماوەیەکە زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دیداریان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا لەسەر ئاستی پەرلەمان و وەزارەتەکانی دەرەوە دەست پێ کردووە. ئامانج لەو دیدارانە دڵنیابوونەوەیە لە بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و یەکێتی ئەوروپا و بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێم، بەتایبەت دوای کشانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق.

دلاوەر ئاژگەیی ئاشکرایکرد، داوایان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە بەردەوام بن. ئەو گوتیشی، سەرجەم وڵاتان بەتایبەت بەلجیکا و هۆڵەندا پشتیوانیی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردووەتەوە و ئامادەیییان بۆ هەموو جۆرە هەماهەنگییەک دەربڕیوە.

بە گوتەی نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە یەکێتی ئەوروپا، ئەو وڵاتانە پێیان وایە هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گرنگی لە سەقامگیریی ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکان، بەتایبەت پرسی رۆژئاوای کوردستان و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بینیوە. ئەوان جەختدەکەنەوە کە هەرێمێکی بەهێز دەبێتە هۆی سەقامگیرییەکی بەهێز لە ناوچەکەدا و ستایشی هەوڵەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیان کرد.

 نوێنەرەکەی حکوومەت لە یەکێتی ئەوروپا ئەوەشی خستەڕوو، بڕیاربوو ژمارەیەک شاندی باڵای وڵاتانی ئەوروپا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام بەهۆی ناجێگیریی دۆخی فڕۆکەخانەکان و وەستانی بەشێک لە گەشتە ئاسمانییەکان، ئەو سەردانانە دواخراون و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەنجامدەدرێن.

لە کۆتاییدا نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا روونیکردەوە، ژمارەیەک پێشنیازیان بۆ هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان ئاراستەی وڵاتانی ئەوروپا کردووە و چاوەڕێی وەڵامی ئەوان لە ئایندەیەکی نزیکدا دەکەن.