دەستبەسەر بڕێکی زۆر دەرمانی ساختەدا گیرا؛ "کرێمی هەزاری بە 50 هەزار فرۆشراوە"

تیمەکانی پشکنین و بەدواداچوونی وەزارەتی تەندروستی، دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر دەرمان و کرێمی ساختە و بێ مۆڵەتدا گرت کە لە رێگەی سۆشیال میدیاوە بە نرخێکی خەیاڵی بە هاووڵاتییان دەفرۆشران. 

لە هەڵمەتێکی مەیدانیدا بۆ چاودێریکردنی بازاڕ و رێگریکردن لە فرۆشتنی دەرمانی ناتەندروست، تیمەکانی پشکنین و بەدواداچوونی وەزارەتی تەندروستی دەستیان بەسەر کۆگایەکدا گرت کە دەرمانی بێ مۆڵەت و ساختەی تێدا هەڵگیرابوو. 

رێناس عەلی، پەیامنێری کوردستان24 کە لەگەڵ تیمەکەی وەزارەتی تەندروستی چووەتە شوێنی کۆگاکە، ئاماژەی بەوە دا، دەرمانەکان لە ژینگەیەکی زۆر ناتەندروستدا هەڵگیراون، بەشێوەیەک پلەی گەرمیی ناو کۆگاکە زۆر بەرز بووە و بە هیچ شێوەیەک گونجاو نییە بۆ هەڵگرتنی پێداویستی پزیشکی و دەرمان، هەروەها هیچ زانیارییەک (لەیبڵ) لەسەر بەشێک لە دەرمانەکان بوونی نەبووە.

دکتۆر رەسول عەبدولخالق، بەرپرسی بەشی بەدواداچوون و پشکنین لە وەزارەتی تەندروستی بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئەو دەرمانانە بە شێوەیەکی تەواو نازانستی هەڵگیراون و پێکهاتەکەیان ناتەندروستە و مۆڵەتی فەرمییان نییە." 

د. رەسول پەردەی لەسەر فێڵێکی گەورە هەڵماڵی کە لە رێگەی فرۆشتنی ئۆنڵاینەوە لە هاووڵاتییان دەکرێت و گوتی: "بەشێک لەم بەرهەمانە تەنیا کرێمێکی ئاسایی دەرمانخانەکانن کە نرخیان تەنها هەزار دینارە، بەڵام ساختەکاران دەیکەنە ناو قوتوویەکی دیکە و لۆگۆی تایبەتی خۆیانی لێدەدەن، دواتر بە ئۆنڵاین بە 50 هەزار دینار بە هاووڵاتییانی دەفرۆشنەوە."

بەپێی بەدواداچوونەکان، ئەو دەرمانانەی دەستیان بەسەردا گیراوە زۆربەیان بەناوی کرێمی ئازارشکێن، کرێمی سپیکردنەوەی پێست و دەرمانی کێش دابەزاندن بە هاووڵاتییان فرۆشراون. 

ئەوەی جێگەی سەرنجە، بۆ ساخکردنەوەی ئەم بەرهەمە ساختانە، سوود لە سۆشیال میدیا و کەسایەتییە ناسراوەکان وەرگیراوە. دکتۆر رەسول لەم بارەیەوە دەڵێت: "ژمارەیەک کەسایەتی ریکلامیان بۆ ئەم دەرمانانە کردووە بێ ئەوەی بزانن ئاخۆ پێکهاتەکەی چییە یان ساختەکاری تێدا کراوە. تەنانەت لە ریکلامەکاندا بۆ فریودانی خەڵک سوێند دەخۆن و دەڵێن 'وەڵا و بیللا و تەڵڵا باشترین کرێمە'، بەڵام بەڕاستی ئەوانە راست ناکەن و تەنها فێڵ لە خەڵک دەکەن."

سەبارەت بە رێکارە یاساییەکان، وەزارەتی تەندروستی بڕیاریداوە سەرجەم ئەو شوێن و کۆگایانە دابخات کە ئەم جۆرە دەرمانانە دەفرۆشن یان دروستی دەکەن. لە هەمان کاتدا، هۆشداری توند دەدرێتە ئەو کەسانەی بەبێ مۆڵەتی تەندروستی و زانیاری زانستی، لە سۆشیال میدیا ریکلام بۆ بەرهەمی پزیشکی دەکەن، کە رێکاری یاسایی توندیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

 وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتییانیش دەکات کە بەهیچ شێوەیەک دەرمان لە رێگەی ئۆنڵاین و پەیجەکانەوە نەکڕن و تەنها سەردانی دەرمانخانە و سەنتەرە مۆڵەتپێدراوەکان بکەن.