د. رەسوڵ عەبدولخالق: سزای ئەو کەسانە دەدەین ریکلام بۆ دەرمانی ساختە دەکەن
وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداریی توند دەداتە هاووڵاتییان لە کڕینی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی لە رێگەی ئۆنلاینەوە و رایدەگەیەنێت، سەرجەم ئەو بەرهەمانە ساختەن و مەترسیی گەورە لەسەر ژیانی بەکارهێنەران دروست دەکەن، هاوکات رێکاری یاسایی بەرانبەر فرۆشیاران و ئەو کەسانەش دەگیرێتە بەر بانگەشەیان بۆ دەکەن.
دکتۆر رەسوڵ عەبدولخالق بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتی پشکنین و بەدواداچوون لە وەزارەتی تەندروستی، لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12:00 بە کوردستان24 رایگەیاند، ریکلامکردن و فرۆشتنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بە شێوەی ئۆنلاین بەتەواوی قەدەخەیە. هەروەها باسی لەوە کرد، هەر کەسێک ریکلام بۆ ئەو جۆرە بەرهەمانە بکات جا مۆدێل بێت یان کەسایەتیی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەوا سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکرێت.
لەبارەی ئەو دەرمانە ساختانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، د. رەسوڵ گوتی، تیمەکانیان دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر دەرمان و کرێمی ساختەدا گرتووە لە ژێرزەمینێکدا لە شارۆچکەی بنەسڵاوەی سەر بە پارێزگای هەولێر دروست دەکران. یەکێک لە بەرهەمەکان ناوی کرێمی ئەڵماسە و بۆ ئازاری ئەژنۆ بانگەشەی بۆ دەکرا، لە کاتێکدا تەنیا تێکەڵەیەک بووە لە کرێمی ئاسایی دەرمانخانەکان بە نرخی یەک هەزار دینار لەگەڵ هەندێک گیادەرمان، دواتر لە رێگەی ئۆنلاینەوە بە 25 بۆ 35 هەزار دینار بە هاووڵاتییان دەفرۆشرا.
بەڕێوەبەری پشکنین و بەدواداچوون لە وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە دا، لە هەمان ئەو شوێنەدا قەترەی چاو لە ئاوی دۆمەڵان دروست کراوە، لە کاتێکدا هیچ کارگەیەک لە عێراق توانای دروستکردنی قەترەی چاوی نییە چونکە پێویستی بە ژینگەیەکی تەواو پاکژی بێ میکرۆب هەیە. هەروەها سابوونی ئاسایی نرخی 250 بۆ 300 دینارە، بە ناوی پڕکردنەوەی قژ بە 20 هەزار دینار دەفرۆشرا. جگە لەمانەش چەندین بەرهەمی دیکەی وەکوو قاوەی کێش دابەزاندن و کرێمی سپیکردنەوە بە شێوەیەکی فێڵاوییانە ریکلامیان بۆ دەکرا و سوێند بە ئەڵڵا دەخورا بۆ ئەوەی خەڵک باوەڕیان پێ بکات.
مەترسییەکی دیکە ئەم بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی خستیە روو، بریتی بوو لە فرۆشتنی فیلەر و بۆتۆکس بە شێوەی ئۆنلاین و بەکارهێنانیان لە نێو ماڵەکاندا. لەم بارەیەوە دکتۆر رەسوڵ رایگەیاند، ئەو فیلەرەی دەفرۆشرێت فیلەری جەستەیە و بە هیچ شێوەیەک بۆ دەموچاو نابێت، بەڵام فرۆشیاران دەیکەنە نێو دەرزیی بچووکەوە و بە نرخی 25 بۆ 50 هەزار دینار دەیفرۆشن، لە کاتێکدا فیلەری راستەقینەی دەموچاو نرخەکەی لە 100 بۆ 200 دۆلار کەمتر نییە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە، تەنیا پزیشکی پسپۆڕی پێست یان جوانکاری دەتوانێت ئەو کارە بکات و بەکارهێنانی لە لایەن کەسانی ئاساییەوە زۆر مەترسیدارە.
لە ماوەی رابردوودا، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین رێکاری توندی بەرانبەر بە فرۆشتنی دەرمانی نایاسایی و گیایی گرتووەتە بەر. بە پێی رێنماییەکانی وەزارەتەکە، فرۆشتنی دەرمانی گیایی و تەواوکەری خۆراکی تەنیا لە دەرمانخانە فەرمییەکان رێگەپێدراوە و فرۆشتنیان لە سەنتەر و نۆرینگەکاندا بەتەواوی قەدەخە کراوە. پێشتریش پسپۆڕانی تەندروستی هۆشدارییان دابوو لە بەکارهێنانی ئەو دەرمانانەی بە ناوی کێش دابەزاندنەوە لە رێگەی ئۆنلاینەوە دەفرۆشرێن، چونکە زیانی گەورە بە دڵ، جگەر و گورچیلە دەگەیەنن. هاوکات وەزارەتی تەندروستی نووسراوی فەرمیی ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ کردووە بۆ داخستنی دەیان سەنتەری نایاسایی و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرانبەر ئەو کەسانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بانگەشە بۆ دەرمانی بێ لۆگۆ و ساختە دەکەن. حکوومەت سیستەمێکی نوێی ستیکەری داناوە بۆ جیاکردنەوەی دەرمانی رێگەپێدراو لە دەرمانی قاچاخ، رۆژانەش تیمەکانی چاودێری هەڵمەتی داخستنی دەرمانخانە و کۆگا سەرپێچیکارەکان ئەنجام دەدەن.