دەستەی گەیاندنی عێراق دوو مەرجی نوێ بۆ کۆڕەک تیلیکۆم دادەنێت
سەرۆکی دەستەی گەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، دوو مەرجیان بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی کارکردنی کۆڕەک خستووەتە بەردەم کۆمپانیاکە و چاوەڕوانی وەڵامیان دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەلیغ ئەبو کەلەل، سەرۆکی دەستەی گەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەبارەی کێشەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، دەستەکەیان دوو مەرجی بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی کارکردنی کۆڕەک خستووەتە بەردەم کۆمپانیاکە و چاوەڕوانی وەڵامیان دەکەن.
ئەبو کەلەل ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر مەرجەکان جێبەجێ بکەن، دەستەی گەیاندن و پەیوەندییەکان لاریمیان لە نوێکردنەوەی مۆڵەتەکە بۆ کۆڕەک تیلیکۆم نییە.
سەبارەت بە قەدەخەکردنی بەرنامەی وەیز لە عێراق سەرۆکی دەستەی گەیاندنی عێراق رایگەیاند، بڕیار لەبارەی داخستنی ئەپلیکەشنەکە نەدراوە. روونیشیکردەوە، داخستن و قەدەخەکردنی هەر بەرنامەیەک پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ورد و رێکاری تەواو هەیە. بەرنامەی وەیز لە کارەکانی بەردەوامە و تا ئەو کاتەی بڕیاری لەسەر دەدرێت، دەمێنێتەوە.
سەبارەت بە هەوڵەکانی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەو بەرپرسە جەختیکردەوە وەزارەت سوورە لەسەر پاراستنی زانیاریی هاووڵاتیان.
سێشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد؛ وەڵامدانەوە بۆ داواکاریی فەرمیی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، وادەی کۆتایی بەکارهێنانی سیمکارتەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم تاوەکو 1ـی تشرینی دووەمی 2026 درێژکردەوە.
دەستەکە روونی کردووەتەوە، ئامانج لەم درێژکردنەوەیە، رەچاوکردنی بارودۆخی بەشداربووانە تاوەکو کاتی پێویستیان لەبەردەستدا بێت بۆ رێکخستنەوە و گواستنەوەی سەرجەم ئەو هەژمارە بانکی، خزمەتگوزارییە دیجیتاڵی و ئەپلیکەیشنانەی کە پەیوەستن بە ژمارە مۆبایلەکانی ئەو کۆمپانیایەوە، بۆ ئەوەی دوای راگرتنی یەکجارەکیی بەدالەکان تووشی زیانی دارایی و تەکنیکی نەبن.
پێشتر دەستەی راگەیاندن و گەیاندن کۆتایی مانگی ئەیلوولی وەک دوا مۆڵەت بۆ راگرتنی پەیوەندییەکانی کۆڕەک دیاریکردبوو، بەڵام ئەم بڕیارە نیگەرانیی لای بەشداربووان لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان دروست کردبوو.