لە شاری لیۆنی فەڕەنسا خۆپیشاندان قەدەخە کرا
دەسەڵاتدارانی فەرەنسا بڕیاریان دا سەرجەم خۆپیشاندانەکان لە شاری لیۆن (سێیەم گەورەترین شاری فەرەنسا) بۆ رۆژی شەممە قەدەخە بکەن، ئەوەش پێش بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە سەرانسەری وڵات، لە دوای ئەو پێکدادانانەی کە کۆتایی هەفتەی رابردوو بە توندوتیژی و ئاژاوەی گەورە کۆتایی هات.
پارێزگای رۆن لە راگەیەندراوێکدا کە رۆژی پێنجشەممە بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوە کرد، پارێزگار بڕیارێکی دەرکردووە بۆ قەدەخەکردنی هەموو خۆپیشاندانێک لە شارەکەدا لە رۆژی شەممە 24ی تشرینی یەکەم، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەو پێکدادانانەی کە لە 17ی تشرینی یەکەمدا روویدا.
شاری لیۆن، هاوشێوەی پاریس و چەندین شاری دیکەی فەرەنسا، شایەتی پێکدادان و تاڵانکاری بوو، کاتێک گەنجانی دەمامکدار لە پەراوێزی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان دژی گرانبوونی گوزەران چوونە سەر شەقامەکان. سەرۆکی شارەوانی شارەکە، گریگوری دوسێ، رایگەیاند کە شارەکە چەند کاتژمێرێکی پڕ لە "ئاژاوە"ی بەخۆیەوە بینیوە، تێیدا لە نێوان 150 بۆ 200 فرۆشگا تاڵان کراون و ئاگر لە نووسینگەیەکی گەشتیاریش بەردراوە، هەروەها پۆلیس نزیکەی 200 کەسی دەستگیر کردووە.
لە لایەکی دیکەوە، رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان، لەوانەش بزووتنەوەی ئێلەگ زەردەکان و ژمارەیەک لە سەندیکاکان، بانگەشەیان بۆ رۆژێکی نوێی ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە رۆژی شەممە و مانگرتنی گشتی و خۆپیشاندانی نوێ لە 5ی تشرینی دووەم کردووە. دوای ئەوەی بەرپرسانی فەرەنسا نەیانتوانی کۆنتڕۆڵی توندوتیژییەکانی کۆتایی هەفتەی رابردوو بکەن، بڕیاریان دا قەدەخەی هاتوچۆ بۆ ماوەی 3 شەوە لە چەند بەشێکی پاریس و لیۆن و شارەکانی تر پەیڕەو بکەن بۆ پاراستنی ناوچە بازرگانییەکان.