90%ـی کارەکانی دووسایدی نێوان رۆڤیا و ئاکرێ تەواو بوون
پڕۆژەی دووسایدی نێوان رۆڤیا و ئاکرێ بە گوژمەی زیاتر لە پێنج ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت، تاوەکوو ئێستا 90%ـی کارەکانی تەواو بووە و بڕیارە تا سەری ساڵی نوێ بە رووی شۆفێراندا بکرێتەوە.
مەنهەل موەفەق، بەڕێوەبەری شارەدێی رۆڤیا بە کوردستان24ـی راگەیاند، "دووسایدی ناوەندی رۆڤیا و هەروەها دووسایدی نێوان رۆڤیا و ئاکرێ زیاتر لە 90%ـی کارەکانی تەواو بووە و گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی، هەموو هەوڵێک دەدرێت تاوەکوو سەری ساڵی نوێ پڕۆژەکە بە رووی هاووڵاتییان و شۆفێراندا بکرێتەوە".
ئاشکراشی کرد، "پڕۆژەی جووتسایدی ناوەندی رۆڤیا و رێگای سەرەکیی بەرەو ئاکرێ، درێژییەکەی دوو کیلۆمەترە لە ناوەندی رۆڤیا، هەروەها 900 مەتر بەرەو گوندی یەکمالە درێژ دەبێتەوە و بە گوژمەی پێنج ملیار و 500 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت".
ئەم پڕۆژەیە بە بەرزترین کوالێتی جێبەجێ دەکرێت و سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی رووناککردنەوە، شوێنی وەستان، ئاوبەری سندووقی، دار و درەختی تێدایە. بەڕێوەبەری شارەدێی رۆڤیا گوتیشی، "بە تەواوبوونی پڕۆژەکە رێگەی نێوان ئاکرێ و رۆڤیا بۆ چەند خولەکێک کەم دەبێتەوە و رووداوەکانی هاتوچۆ لەو رێگەیە کەمتر دەبنەوە".
پڕۆژەی جووتسایدی شارەدێی رۆڤیا لە سنووری شارۆچکەی بەردەڕەش سەر بە پارێزگای دهۆک، یەکێکە لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. لە 22ـی ئەیلوولی 2024، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی پڕۆژەکە دانرا.
رۆڤیا زیاتر لە 30 هەزار دانیشتووانی هەیە و 29 گوند لە خۆدەگرێت، ئەم پڕۆژەیەش یەکێک بوو لە داواکارییە سەرەکییەکانی خەڵکی ناوچەکە لە ساڵانی رابردوودا.