بەریتانیا هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ سعوودیە فراوانتر دەکات

وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا بە فەرمی پشتیوانیی خۆی بۆ مافی سعوودیە و حکوومەتی شەرعیی یەمەن لەپێناو بەرگریکردن لە خۆیان دووپات کردەوە.

پێنجشەممە، 22ـی تسرینی یەکەمی 2026، کالڤن بیلی، بەرپرس لە کاروباری سەربازە دێرینەکان لە وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا، لە لێدوانێکدا سەبارەت بە پێشکەشکردنی هاوکاریی سەربازی بە سعوودیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەرەسەندنەکانی حووسییەکان رایگەیاند: بەریتانیا هێرشەکانی سەر ژێرخانی مەدەنی و فڕۆکەخانەکان و کەوتنەوەی قوربانی بەهۆی پەلامارەکانی حووسییەکانەوە بە چاوی خۆی بینیوە.

کالڤن بیلی جەختی لە گرنگیی گەرووی هورمز و بابولمەندەب کردەوە و ئەوانەی بە یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە دەریاییەکانی جیهان ناو برد. ئەو بەرپرسە داوای لە میلیشیاکانی حووسی کرد بگەڕێنەوە سەر ئەو رێڕەوە سیاسییەی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانیی لێ دەکات.

سەبارەت بە هاوکارییە سەربازییەکان، کالڤن بیلی روونیکردەوە، وڵاتەکەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و فڕۆکەی سووتەمەنیپێدانی بە سعوودیە داوە. ئەو ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رەزامەندیی لەسەر هاوکاریی سەربازیی زیاتر دەربڕیوە.

ئەو بەرپرسەی بەریتانیا ئاشکرایکرد، بەریتانیا ئەرکی فڕۆکەکانی سووتەمەنیپێدان بۆ ماوەی 90 رۆژی دیکە درێژ دەکاتەوە. هاوکات فڕۆکە جەنگییەکانی تایفۆنی بەریتانی ئەرکی بەرگریی ئاسمانی لەناو خاکی سعوودیە جێبەجێ دەکەن.

ئەم هەڵوێستەی بەریتانیا لە کاتێکدایە پێکدادانەکان لەنێوان هێزەکانی یەمەن و میلیشیای حووسی بەردەوامن. میلیشیاکان بەردەوام هەوڵی ئامانجگرتنی فڕۆکەخانە و دامەزراوە مەدەنییەکانی سعوودیە دەدەن، لە بەرامبەریشدا سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی سعوودیە رووبەڕوویان دەبنەوە و دەیانخەنە خوارەوە.