سعوودیە چوار درۆنی تێکشکاند؛ بارەگای ئارامکۆش چۆڵ کرا

دوای ئەوەی هاوپەیمانیی سەربازیی عەرەبی تێکشکاندنی چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حووسییەکانی لە سعوودیە راگەیاند، فەرمان بە کارمەندانی کۆمپانیای ئارامکۆ کرا بارەگاکەیان چۆڵ بکەن، لە لایەکی دیکەشەوە میسر داوای چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانی یەمەن دەکات.

بە پێی زانیاریی دوو سەرچاوەی ئاگادار بۆ ئاژانسی "فرانس پرێس" داوا لە کارمەندانی کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودیە کراوە بارەگای سەرەکیی خۆیان لە شاری زەهران چۆڵ بکەن. ئەم هەنگاوە بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکان و مەترسیی هێرشەکانی گرووپی حووسییەکانە بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکان.

پێش ئەم ئاگادارییە، تورکی مالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی سەربازیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعوودیە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)ـیان لە ناوچەکانی ریاز و مەدینە تێکشکاندووە. 

لە لایەی دیکەوە بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی، "پێویستە هەموو رێگاکان بۆ گەیشتن بە چارەسەری سیاسی لە نێوان سعوودیە و حووسییەکان تاقی بکرێنەوە". هەروەها پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ سعوودیە دووپات کردەوە.

نزیکەی سێ هەفتەیە حووسییەکان بە پاڵپشتیی ئێران بە شێوەیەکی رۆژانە هێرش دەکەنە سەر فڕۆکەخانە و دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیە.

 شەوی رابردوو (چوارشەممە، 21ـی تشرینی یەکەم)، لە ئەنجامی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر سعوودیە، دوو کەس کوژران و زیاتر لە 10 کەس بریندار بوون. لە 10ـی تشرینی یەکەمیش، هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی ریاز و بەهۆیەوە 13 کەس کوژران و سەدان کەسی دیکە بریندار بوون، کە گەورەترین هێرش دادەنرێت بۆ سەر خاکی سعوودیە لە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵی رابردوودا.

ململانێی نێوان سعوودیە و حووسییەکانی یەمەن مێژوویەکی درێژی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2015، کاتێک هاوپەیمانیی سەربازیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعوودیە دەستی تێوەردان کرد بۆ پاڵپشتیی حکوومەتی دانپێدانراوی یەمەن دژی حووسییەکان. لە مانگی تشرینی یەکەمی 2026ـدا ئەم ململانێیە پێی نایە قۆناخێکی زۆر مەترسیدارەوە، چونکە حووسییەکان دەستیان کرد بە بۆردوومانکردنی چڕی فڕۆکەخانە و دامەزراوە نەوتییەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ لە چەندین شاری سعوودییە.

 ئەم گرژییانە بوونە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا و نیگەرانیی زۆری لای وڵاتان دروست کرد. ئامانجی حووسییەکان لەم هێرشانە دروستکردنی فشارێکی گەورەی ئابووری و سەربازییە لەسەر سعوودیە، هاوکات وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵ دەدەن رێگە لە تەشەنەسەندنی زیاتری شەڕەکە بگرن.