حکوومەتی عێراق جەخت لە دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی دەکاتەوە
گوتەبێژ بە ناوی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بە سەرپەرشتی عەلی فالح زەیدی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بۆ تاوتوێی دۆخی گشتیی ئاسایشی عێراق کۆبووەوە و بابەتی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و پاراستنی سەروەری ئاسمانیی عێراق تەوەرێکی کۆبوونەوەکە بوو.
سەباح نوعمان گوتەبێژ بەناوی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی زەیدی سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی ئاسایشیی نیشتمانی کرد و لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە بارودۆخی گشتی ئاسایشی عێراق کرا، لەگەڵ پێداچوونەوە بە پلان و کارنامەی ئەمنی، لەمبارەوە چەند بڕیار و راسپاردەیەکی پێویست دەرکران.
بە گوتەی سەباح نوعمان، هەر لەم کۆبوونەوەیەدا جەختکرایەوە لەسەر ئەوەی دەبێت ئەو خۆپیشاندانانەی لە عێراق دەکرێن، رێگەپێدراوی یاسایی و ئاشتیانە بن وەک ئەوەی لە دەستووردا هاتووە، بۆ ئەوەی سەلامەتی خۆپیشاندەران بپارێزرێت، لەبەرامبەردا مامەڵەی مرۆڤانە لە ئەرک و کاری لەپێشینەی سەرجەم دەزگا ئەمنییەکان دەبێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا لە سۆنگەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییە هەنووکەییەکاندا، گفتوگۆ لەرێگەی رێکخستنەوەی هێزە ئەمنییەکان و پەرەپێدانی تواناکانیان کرایەوە. بەتایبەت ئەو لایەنەی پەیوەندیی بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و هێزی ئاسمانییەوە هەبوو، ئەمەش لەپێناو چەسپاندنی سەروەری و پاراستنی ئاسمانیی عێراق.
ئەم قسانەی گوتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دوای ئەوە هات، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەباح نوعمان، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24، گوتی: بەغدا لە رێگەی دیپلۆماسییەوە بەرپەرچی هێرشە دەرەکییەکان دەداتەوە و بە لێپێچینەوەی یاسایی رێگری لە پشێوییە ناوخۆییەکان دەکات، بەتایبەت لە بەرامبەر ئەو لایەنانەی کە نایانەوێت وڵات سەقامگیر بێت.
هاوکات گوتەبێژەکەی فەرماندەی گشتی، باسی لە هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و پێشمەرگەی وەک بەشێکی سەرەکی لە پێکهاتەی ئەمنی و سەربازیی عێراق ناساند.
لە بارەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە، سەباح نوعمان رایگەیاند: لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا یەکەمین کاروانی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی دەگەن، کە دەبنە گەرەنتییەکی پتەو بۆ پاراستنی سەقامگیری لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان.