لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشیی نیشتمانیی عێراق باس لە دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی کرا
گوتەبێژ بە ناوی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بە سەرپەرشتی عەلی فالح زەیدی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بۆ تاوتوێی دۆخی گشتیی ئاسایشی عێراق کۆبووەوە و بابەتی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و پاراستنی سەروەری ئاسمانیی عێراق تەوەرێکی کۆبوونەوەکە بوو.
سەباح نوعمان گوتەبێژ بەناوی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی زەیدی سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی ئاسایشیی نیشتمانی کرد و لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە بارودۆخی گشتی ئاسایشی عێراق کرا، لەگەڵ پێداچوونەوە بە پلان و کارنامەی ئەمنی، لەمبارەوە چەند بڕیار و راسپاردەیەکی پێویست دەرکران.
بە گوتەی سەباح نوعمان، هەر لەم کۆبوونەوەیەدا جەختکرایەوە لەسەر ئەوەی دەبێت ئەو خۆپیشاندانانەی لە عێراق دەکرێن، رێگەپێدراوی یاسایی و ئاشتیانە بن وەک ئەوەی لە دەستووردا هاتووە، بۆ ئەوەی سەلامەتی خۆپیشاندەران بپارێزرێت، لەبەرامبەردا مامەڵەی مرۆڤانە لە ئەرک و کاری لەپێشینەی سەرجەم دەزگا ئەمنییەکان دەبێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا لە سۆنگەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییە هەنووکەییەکاندا، گفتوگۆ لەرێگەی رێکخستنەوەی هێزە ئەمنییەکان و پەرەپێدانی تواناکانیان کرایەوە. بەتایبەت ئەو لایەنەی پەیوەندیی بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و هێزی ئاسمانییەوە هەبوو، ئەمەش لەپێناو چەسپاندنی سەروەری و پاراستنی ئاسمانیی عێراق.