حووسییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر سعوودیە چڕ دەکەنەوە

حووسییەکان رایانگەیاند: لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا چوار ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوانیان لە رێگەی مووشەکی بالیستیکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجام داوە، کە تێیدا باڵەخانەی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە لە ریاز، دامەزراوەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ لە یەنبەع و هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دەمام و ئەبهایان کردوونەتە ئامانج.

پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، حووسییەکانی یەمەن لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوە کرد، هێزە چەکدارەکانیان لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا چوار ئۆپەراسیۆنی سەربازیی جۆرییان بە بەکارهێنانی چەندین مووشەکی بالیستیکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان جێبەجێ کردووە، وەک وەڵامێک بۆ ئەوەی کە بە هەڵکشانی سەربازیی سعوودیە ناوزەندیان کرد.

بە پێی دەقی راگەیەنراوەکەی حووسییەکان، وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکان بەم شێوەیە بووە:

ئۆپەراسیۆنی یەکەم: باڵەخانەی وەزارەتی بەرگریی سعوودیەی لە ریازی پایتەخت کردووەتە ئامانج و جەخت کراوەتەوە کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ پێکراوە.

ئۆپەراسیۆنی دووەم: فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی لە شاری دەمام لە رۆژهەڵاتی سعوودیە کردووەتە ئامانج، کە بە گوتەی خۆیان بووەتە هۆی پەککەوتنی جووڵەی گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەکەدا.

ئۆپەراسیۆنی سێیەم: دامەزراوەکانی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ئارامکۆی لە شاری یەنبەع لەسەر دەریای سوور پێکاوە و، بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە پێگەی دیاریکراودا.

ئۆپەراسیۆنی چوارەم: هێرشکردن بووە بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبها لە باشووری رۆژئاوای سعوودیە، بە گوتەی گرووپەکە ئامانجەکە بە تەواوی پێکراوە.

حووسییەکان دووپاتیان  کردەوە، کە هێزەکانیان لە جێبەجێکردنی گورزی سەربازی لە قوڵایی خاکی سعوودیەدا بەردەوام دەبن، تا ئەو کاتەی دەستدرێژییەکان بۆ سەر یەمەن بە تەواوی رادەوەستن.