ئەمریکا داوای لە زەیدی کردووە دەروازە سنوورییەکانی عێراق لەگەڵ ئێران دابخات

ئەندامیکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون ئاشکرای کرد، ئیدارەی ئەمریکا داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران دابخات، بەڵام ئەم داواکارییە لە میانەی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا بە توندی رەت کراوەتەوە.

پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، حوسێن شیحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: لە میانی کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی ڕابردووی سەرکردەکانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر داخوازیی فەرمیی ئەمریکا پرسی داخستنی دەروازە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێرانی خستووەتە بەر باس.

شیحانی ئاماژەی بەوە کرد، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەکەدا بە توندی دژی ئەو پێشنیاز و بڕیارە وەستاونەتەوە و بە هەموو شێوەیەک جێبەجێکردنی ئەو داواکارییەی ئەمریکایان رەت کردووەتەوە.

ئەو سەرکردەیەی بزووتنەوەی سادیقوون لە درێژەی قسەکانیدا هۆشداریی دا و گوتی: ئەگەر حکوومەتی عێراق لە ژێر هەر گوشارێکدا بڕیاری داخستنی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بدات، ئەوا سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بێدەنگ نابن و هەڵوێستی یەکلاکەرەوە و فەرمیی خۆیان رادەگەیەنن.

ئەم پێشهاتە سیاسییە لە کاتێکدایە کە بەپێی بەدواداچوون و زانیارییە تایبەتەکانی کوردستان24، ماوەی دوو رۆژە دەروازەی سنووریی شەیب لە نێوان عێراق و ئێران بە تەواوەتی داخراوە.