بێسێنت: دوورگەی خارگ بووەتە مۆنۆمێنتی شکستی حکوومەتی ئێران

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، بەهۆی کاریگەرییەکانی ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابوورییەوە، سەرجەم کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە دوورگەی خارگ کە دەروازەی سەرەکیی بارکردنی نەوتی ئێرانە نەماون. هەروەها دوورگەکەی وەک سیمبول و مۆنۆمێنتی شکستی حکوومەتی ئێران لە قەڵەم دا.

پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس تیشکی خستە سەر دۆخی کەرتی هەناردەکردنی نەوتی ئێران و رایگەیاند: کە گەمارۆکانی واشنتن بە تەواوی کاریگەریی خۆیان لەسەر بەندەرە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە دروست کردووە.

بێسێنت بە خستنەڕووی بەراوردێک سەبارەت بە پێگە نەوتییەکانی تاران نووسیویەتی: پێشتر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بە تەواوی سەرەکیترین وێستگەی بارکردنی نەوتی ئێرانیان پڕ کردبوو، بەڵام ئێستا هیچ کەشتییەکی نەوتی خاو لە ئاسۆدا بەدی ناکرێت.

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لە درێژەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "دوورگەی خارگ ئێستا هیچ شتێک نییە، جگە لە مۆنۆمێنتێک بۆ ئەو تاقە شتەی کە حکوومەتی ئێران هێشتا دەتوانێت بەرهەمی بهێنێت، ئەویش بریتییە لە: شکست."

هاوکات بێسێنت تیشکی خستە سەر هەڵمەتە داراییەکانی وڵاتەکەی و نووسیویەتی: "ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری، شادەماری نەوتی حکوومەتی تاران دەبڕێت، بە جۆرێک ئەو سەرچاوانەی لێ زەوت دەکات کە بۆ دابینکردنی دارایی تیرۆر، کڕینی کەرەستەی ئەتۆمی و ژیانی پڕ لە نازونیعمەتی دەستەبژێری سوپای پاسداران بە کاری دەهێنان."