لە کەرکووک 70 خانووی گوندێکی کوردان دەڕووخێندرێن
لە گوندی عەلیاوەی سەر بە پارێزگای کەرکووک، بە بڕیاری ئیدارەی شارەکە و بە بیانووی دروستکردنی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون، رووخاندنی دووکان و شوێنە بازرگانییەکان دەستی پێکردووە و مەترسیی رووخاندنیش لەسەر 70 بۆ 80 خانووی هاووڵاتییانی کورد هەیە، دانیشتووانی ناوچەکەش بڕیارەکە رەتدەکەنەوە و دەڵێن بێدەنگی لە ئاست مافەکانیاندا هەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەپێی زانیارییەکانی هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24، ئامێرەکانی تێکدان لەسەر رێگەی سەرەکیی کەرکووک – دووبز و لە نزیک گەڕەکی عەمەل شەعبی، دەستیان بە رووخاندنی دووکان و هۆڵە بازرگانییەکانی گوندی عەلیاوە کردووە، هەروەها بڕیارە لە قۆناخی داهاتوودا دەست بۆ رووخاندنی زیاتر لە 70 خانووی هاووڵاتییانی نێو گوندەکەش ببەن، ئەمەش بە مەبەستی چۆڵکردنی ناوچەکە بۆ پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان.
دانیشتووانی گوندەکە ناڕەزایەتیی توند بەرامبەر ئەو هەنگاوە دەردەبڕن و جەخت دەکەنەوە کە ئەوان ئاوارەی کەرکووکن و بە فەرمیی لە چوارچێوەی ماددەی 140ـی دەستووردا لە ساڵانی 2011 و 2012ـەوە لەوێ نیشتەجێ کراون. هاووڵاتییەکی گوندەکە بۆ کوردستان24 گوتی "ئەم زەوییانە بە فەرمیی لە لایەن لیژنەی ئاوارەکانەوە پێمان دراوە، کەچی ئێستا بەبێ هیچ مافێک و بە دەستێوەردانی حزبی دەیانەوێت دەرمانبکەن و جارێکی تر ئاوارەمان بکەنەوە."
هاووڵاتییەکی دیکەی ناوچەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئیدارەی شارەکە تەنیا بڕی نزیکەی دوو ملیۆن دینار وەک قەرەبوو دیاری دەکات، کە ئەمەش بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە و گوتی: "ئەمە گوندی خۆمانە و تێیدا گەورە بووین و دەرمان دەکەن، هەڕەشەی رووخاندن لەسەر زیاتر لە 70 بۆ 80 ماڵە، جگە لە شاخەوان عەبدوڵڵا هیچ بەرپرسێکی دیکە بە دەنگمانەوە نەهاتووە و ژیانمان لەژێر هەڕەشەی ئامێرەکانی تێکداندایە."
سەرەڕای ئەوەی نووسراوی فەرمیی بۆ راگرتنی رووخاندنی شوێنەکان بە بیانووی زێدەڕۆیی هەیە و ئەو زەوییانەش کێشەی ماددەی 140ـیان لەسەرە و ناکرێت بە ئاسانی بدرێنە پڕۆژەی وەبەرهێنان، بەڵام دەستەی وەبەرهێنان لە کەرکووک سوورە لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی، لە بەرامبەریشدا دانیشتووانی گوندەکە رۆژانە خۆپێشاندان و نارەزایەتی دەردەبڕن.