فراکسیۆنی پارتی: ئامادەین بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان

لە بەردەم باڵەخانەی پەرلەمان، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان داوای لە سەرجەم لایەنە بەشدارەکانی نێو پەرلەمان کرد هەنگاو بنێن بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکان، جەختیشی لە ئامادەیی تەواوی خۆیان کردەوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەرد عەلی خاڵە، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەردەم پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند "بەرپرسیارێتیی کاراکردنەوەی پەرلەمان لە ئەستۆی نەوەی نوێیە، چونکە سەرۆکی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان لەو لایەنەیە، بۆیە داوایان لێدەکەین ئامادە بن بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکان، ئێمە ئامادەین بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و داواش لە سەرجەم ئەو فراکسیۆنانە دەکەین کە بەربژێریان بۆ دەستەی سەرۆکایەتی هەیە، ئامادەی دانیشتن بن بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی."

مەرد عەلی خاڵە ئاماژەی بەوەش کرد، "بە پەرۆشەوەین بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی سیاسی لە نێوان لایەنەکاندا بە مەبەستی کاراکردنەوەی پەرلەمان. تا ئێستا هیچ پێشهاتێکی نوێ بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئارادا نییە، هەروەها نەوەی نوێ چیتر ئۆپۆزسیۆن نییە، چونکە خۆیان رایانگەیاندووە هاوپەیمانییان لەگەڵ لایەنێکی سیاسیی ناو حکوومەتدا پێکهێناوە."

ئەو ئەندامەی پەرلەمان جەختی لەوەش کردەوە، پەرلەمانی کوردستان شوێنی رەنگدانەوەی دەنگی خەڵک و رایییکردنی پرۆسە یاساییەکانە و گوتیشی "فراکسیۆنی پارتی خاوەنی زۆرترین کورسییە و دەستی هاوکاری و هەماهەنگی بۆ هەموو ئەو لایەنانە درێژ دەکات کە دەیانەوێت هەنگاو بنێن بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکان، تا ئێستاش هیچ هاوپەیمانییەتییەکی فەرمی ڕانەگەیەندراوە."

هاوکات بە بۆنەی تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن، دوو رۆژ پێش ئێستا فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا جەختی لەسەر پێویستیی دەستبەجێ کاراکردنەوەی پەرلەمان، هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی و جێبەجێکردنی ئەرکە یاسایی و مێژووییەکان کردەوە، دوور لە بەستنەوەیان بە ململانێ سیاسییەکانەوە.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە 18ـی تشرینی یەکەمی 2024 بۆ دەنگدانی تایبەت و لە 20ـی تشرینی یەکەم بۆ دەنگدانی گشتی بەڕێوەچوو.

پرۆسەکە بە شێوازی فرەبازنەیی لەسەر ئاستی 4 بازنەی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو؛ تێیدا لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکان کێبڕکێیان لەسەر بەدەستهێنانی 100 کورسی کرد (دوای ئەوەی ژمارەی کورسییەکان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەمکرایەوە). هەروەها بۆ یەکەمین جار سیستمی کارتی بایۆمەتری و ئەلیکترۆنی بۆ دەنگدان و ژماردنی دەنگەکان بەکارهێنرا.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی کۆمیسیۆن، لە کۆی دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 کەس کە مافی دەنگدانیان هەبوو، دوو ملیۆن و 87 هەزار و 972 دەنگدەر بەشدارییان کرد و ڕێژەی بەشداری گەیشتە 72%.

دابەشبوونی 95 کورسییە گشتییەکەی پەرلەمان بەسەر بازنەکاندا:

بازنەی سلێمانی: 36 کورسی
بازنەی هەولێر: 32 کورسی
بازنەی دهۆک: 24 کورسی
بازنەی هەڵەبجە: 3 کورسی
دابەشبوونی 5 کورسیی کۆتای پێکهاتەکان:

بازنەی هەولێر: 2 کورسی
بازنەی سلێمانی: 2 کورسی
بازنەی دهۆک: 1 کورسی
بازنەی هەڵەبجە: 0 کورسی
 
 ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسیی لایەنەکان
بەپێی راگەیەندراوی فەرمیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەنجامی کۆتایی کورسیی لایەنەکان لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەمشێوەیە یەکلایی بووەوە:

پارتی دیموکراتی کوردستان: 39 کورسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 23 کورسی
جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 15 کورسی
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 7 کورسی
ڕەوتی هەڵوێست: 4 کورسی
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 3 کورسی
بەرەی گەل: 2 کورسی
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: 1 کورسی
بزووتنەوەی گۆڕان: 1 کورسی.