رێبەر ئەحمەد: ئامانجمان بونیادنانی دامەزراوەیەکی مۆدێرنی پۆلیسە

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، دەستپێکردنی پلانی ستراتیژیی چاکسازیی پۆلیسی کوردستانی بۆ ساڵانی (2026-2030) راگەیاند، بە ئامانجی بونیادنانی دامەزراوەیەکی هاوچەرخ و پیشەیی پۆلیس، کە لەسەر بنەمای سەروەریی یاسا کار بکات و متمانەی تەواوی هاووڵاتییان بەدەستبهێنێت.

پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە ئاشکرای کرد: چالاکییەکانی دیالۆگی ستراتیژیی هاوبەش لە نێوان ئەکادیمیای سەرکردایەتی و کارگێڕیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و پڕۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان (UNDP) لە شاری هەولێر دەستیپێکرد، لە ژێر دروشمی (بەهێزکردنی حوکمڕانیی ژیرانە و سەروەریی یاسا) بە مەبەستی داڕشتن و جێبەجێکردنی پلانی چاکسازیی پۆلیسی کوردستان (2026-2030)، ئەوەش بە پاڵپشتیی ستراتیژیی نێودەوڵەتی لە دوای هەوڵەکانی نێردەی راوێژکاریی یەکێتیی ئەوروپا (EUAM).

رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی بنەڕەتی لەم هەنگاوە، دروستکردنی دامەزراوەیەکی مۆدێرنی پۆلیس و پیشەییە کە لە ئاستی متمانەی هاووڵاتییاندا بێت؛ ئەم پرۆسەیەش بەشێکی سەرەکییە لە بەرنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی. هاوکات ستایشی رۆڵی بەرچاوی (UNDP) و دەستەی راوێژکاریی یەکێتیی ئەوروپای کرد لە پشتیوانیکردنی ئەم کاروانەدا.

وەزیری ناوخۆ روونی کردەوە، ئەم هەنگاوانە تەنیا لە گفتوگۆی تەکنیکی یان خولی مەشق و راهێناندا کورت نابنەوە، بەڵکو دەستپێکی هاوبەشییەکی دامەزراوەییە بۆ گۆڕینی ئەولەوییەتەکانی چاکسازی بەرەو پلاندانان، لێپرسینەوە و بەدەستهێنانی ئەنجامی بەرچاو؛ جەختیشی کردەوە کە وەزارەت هەوڵ دەدات ئەم ستراتیژە تەنیا وەک بەڵگەنامەیەکی فەرمی نەمێنێتەوە، بەڵکو ببێتە پەیماننامەیەکی خزمەتگوزاریی ڕاستەقینە لە نێوان دەزگای پۆلیس و هاووڵاتییاندا.

سەبارەت بە هەنگاوە کردارییەکانی قۆناخی یەکەم، رێبەر ئەحمەد دووپاتی کردەوە، کە ئێستا کار لەسەر دوو پڕۆژەی سەرەکی دەکرێت: دروستکردنی بنکەی پۆلیسی نموونەیی، لەگەڵ چاکسازی و پەرەپێدانی کۆلێژ و ئەکادیمیاکانی پۆلیس.

وەزیری ناوخۆ تیشکی خستە سەر پێگەی ئافرەتان و گوتی: بەهێزکردنی رۆڵ و سەرکردایەتیی ئافرەتان لە نێو دەزگای پۆلیسدا، ئەولەوییەتێکی سەرەکییە لە پلانە پەرەپێدانەکانی وەزارەتدا.

 هەروەها پێداگریی لەسەر ئەوە کرد کە نابێت هاووڵاتییان تەنیا وەک سوودمەندێکی بێدەنگ لەم چاکسازییانە بڕوانن، بەڵکو دەبێت را و سەرنج و ئەزموونی ئەوان ببێتە پێوەری سەرەکی بۆ هەڵسەنگاندنی سەرکەوتنی پڕۆژەکان و چەسپاندنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستاندا.