شەش ویلایەتی ئەمریکا پشتبەستن بە یاسا ئایینییەکان لە دادگاکاندا قەدەخە دەکەن

شەش ویلایەتی ئەمریکا، بە فەرمی زنجیرەیەک یاسایان پەسەند کردووە بۆ سنووردارکردن و قەدەخەکردنی جێبەجێکردنی حوکمەکانی شەریعەتی ئیسلامی و یاسا بیانییەکان لە دادگاکانیاندا؛ لە کاتێکدا پشتیوانانی بڕیارەکە هەنگاوەکە بە زامنکردنی سەروەریی دەستوور دەزانن، رەخنەگرانیش هۆشداری لە بەئامانجگرتنی مافی مسوڵمانانی ئەمریکا دەدەن.

شەش ویلایەتی ئەمریکا، کە بریتین لە: ئەریزۆنا، کانساس، لوئیزیانا، داکۆتای باشوور، تێنسی و ئەلاباما، یاسای تایبەتیان پەسەند کردووە کە بەپێی دەقەکانیان، دادگاکانی ئەو ویلایەتانە چیدی ناتوانن لە دەرکردنی بڕیارەکانیاندا پشت بە یاسای بیانی یان ئایینی ببەستن، ئەگەر بێت و ئەو حوکمانە لەگەڵ ئەو ماف و بنەمایانەدا ناکۆک بن کە دەستووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستەبەری کردوون.

بە پێی زانیارییەکانی کوردستان24، لە ویلایەتی ئەلاباما، ئەم سنووردارکردنە لە ساڵی 2014ـەوە لە رێگەی هەموارێکی دەستوورییەوە خرایە دەنگدانی گشتی و بە زۆرینەی %72ی دەنگەکان پەسەند کرا. پێشتریش لە ساڵی 2013ـدا ویلایەتی کارۆلینای باکوور یاسایەکی هاوشێوەی پەسەند کردبوو کە بەکارهێنانی یاسا ئیسلامییەکان لە بەشێک لە کەیسە خێزانییەکان و بارودۆخی کەسیدا سنووردار دەکات.

پشتیوانانی ئەم جۆرە یاسایانە جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئامانج لە دەرکردنیان، تەنیا پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییان و rێگریکردنە لە دەرکردنی ئەو حوکمە دادوەرییانەی کە لە بری پێوەرە دەستوورییەکانی ئەمریکا، لەژێر کاریگەریی ڕێسا و یاسا ئایینییەکاندا دەردەچن.

لە بەرامبەردا، رەخنەگران و چاودێرانی یاسایی هۆشداری دەدەن کە ئەم یاسایانە رەنگە لێکەوتەی نەخوازراو لە سیستەمی دادوەریدا دروست بکەن؛ لەوانەش دروستکردنی ئاستەنگی یاسایی بۆ کاریگەری و بەهای هەندێک لە رێککەوتننامەکانی پێش هاوسەرگیری، یاخود ئەو بڕیارە دادوەرییانەی کە لە ویلایەت یان وڵاتانی دیکەوە دەردەچن.

 دژبەرانی ئەم ڕێکارانە هەروەها پێیان وایە، هەرچەندە لە دەقی یاساکاندا بە ئاشکرا ناوی شەریعەت ناهێنرێت، بەڵام ئەم هەنگاوانە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بە تایبەتی مسوڵمانانی ئەمریکا دەکەنە ئامانج.

لای خۆیەوە ناوەندی برێنان بۆ دادپەروەری، لە راپۆرتێکی بەرفراواندا ئاگاداریی دابوو لەبارەی لێکەوتە نەرێنییەکانی ئەم جۆرە سنووردارکردنانە لەسەر مافە مەدەنییەکان، لە کاتێکدا چەندین ویلایەتی دیکەی وەک فلۆریدا و تێکساس پڕۆژەیاسای هاوشێوەیان تاوتوێ یان پەسەندیان کردووە.